ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٢٣. تەندووری سارد
دونیا کە هەموو هیچە، بۆچیتە لە چی وێڵی؟
خاڵە، وەرە حاڵیت کەم ئەتوار و فڕوفێڵی!
جارێکی لەگەڵ تۆیە، ڕۆژێکی لەگەڵ خەڵکی
هەردووکی بە سەرسەنگی، خوێڕیگەری و دێڵی
شەشدانگی جیهانت بێ، سەد جووت و تڕاکتۆریش،
نابینی دەمێ فرسەت، هۆبانێکی ناکێڵی!
مەعلوومە خەتی خواریش هەر ژێرسەری گای پیرە
دونیاش کە لەمێژینە، ناڕێکە هەموو هێڵی
بێچارەگی و پەستی، مەیخوارەگی و مەستی
بەهرەی ئەوە بۆی بکرێ، پیشەی ئەوە گەر بێڵی
تێیهەڵدە لە کوێستانی زەنوێر و هەوارگاکەی
با قڕ بێ مەڕوماڵی، گووی سەگ بە بنە و خێڵی
'کامیل' کە گەرم بوو زوو تەندووری، ئەوێستاکە
ساردوسڕە، نەیماوە ئەستێوڵ و پنە و سێڵی!
(قاقڵاوا، ١٣٤٢ ی هەتاوی) - لاپەڕە ٤٠ ی دیوانی چاپی ئەنیسی

پەراوێز edit