ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
١٩١. مەولوودی
بە دڵێکی خاوێن مەولوودی دەکەم
پڕ بە دڵ شادی و خۆشنوودی دەکەم

ئەوشۆ دوازدەیه، شەوی وەلادەت
وەلادەتی ئەو خەتمی ڕەسالەت

ئەو زاته مانگی هەر به ئیشارە
له ئاسمانێ‌ڕا کرد پارەپارە

دوو لەت جوێ بۆوه، هاتنه خوارەوە
چوونه باغەڵی ئەو سەردارەوە

هاتنەوه دەرێ له هەر دوو قۆڵی
به دەست‌وبرد و به توندوتۆڵی

چوونەوه ئاسمان یەکیان گرتەوە
بوونەوه دیسان به چاردە شەوە

نابێ مۆجزەی گەورەتر لەوە
یانی ڕووناکی و تاریکی بەوە

ئەو هاته دونیا، تاریکی لاچوو
چرا هەڵکرا، زوڵمەت بۆی دەرچوو

مەلەک له فەلەک هاتنه سەر زەمین
بۆ پەزیرایی موحەممەدئەمین

میوەی بەهەشتیان هێنا به دیاری
بۆ شادییانەی مەحبووبی باری

هەی‌هەی لەو شەوه، ڕۆژی به قوربان!
سەد مانگی تابان هەڵات له خۆشیان

له حەوش و حەسار، له دەرک و له بان
چەپڵەڕێزان بوو، بوو به چراخان

یاخوا بەخێر بێی شای به تەدارەک!
قەدەمت بەخێر! مەنزڵ موبارەک! ١

گیان با کێشکچی دەرکی حەوشت بێ
ڕوحیش به قوربان ژێری کەوشت بێ٢

فەڕشی حاتەمی تایی هەڵگیرا
دەرگای سەخای وی بە جارێ بەسرا

قەترێک له دەریای سەخای تۆ بەسە
بۆ هەر زیڕوحێ، بۆ هەرچی کەسە٣

شادی و سروور و فەخر و موباهات
حەسەنات، خێرات، ئاوات وەدی‌هات٤

وەک سەگان کەوتین لەبەر دەرگاکەت
چاوەڕێی لوقمەی خوانه یەغماکەت

'کامیل'! نۆرەته له دەرک‌ وبانی
خۆت باش حازرکه بۆ پاسەوانی

١. چاپی جەعفەر: مەبارەک
٢. چاپی جەعفەر: ڕۆحیش
٣. چاپی جەعفەر: زیڕۆحێ
٤. چاپی ئەنیسی وشەی ئاواتی خستۆنە ناو دوو کەوانوکەوە وەک ئەوەی ناسناوی شاعیر بێت. من لام وا نییە وشەکە لێرەدا بەو واتایە هاتبێت هەربۆیەش شێوازی چاپی جەعفەرم ڕەچاو کرد و نەمخستە ناو کەوانووکەوە..
گەردیگلان، ١٣٢٨ی هەتاوی
(لاپەڕە ١٦٠ و ١٦١ ی چاپی ئەنیسی و ٢٩٧ و ٢٩٨ ی چاپی جەعفەر)

پەراوێز edit