ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
١٦١. شایی
یاخودا کاکە! موبارەک بێ لە تۆ ئەم شایی یە
ئەم سروور و خۆشییە، لەو خانەقا و ئاوایی یە١

غەم نەما، حەسرەت بە جارێکی کەوت، ئەستۆی شکا
ئاه‍ و ناڵەی دڵ دەگەڵ ئەم داوەته، خۆڕایی‌یە٢

موددەعی ئەمڕۆ لە داخان هەڵمسا هەروەک تەپڵ
عاقیبەت دەردێ دەزانم، دەردەکەی ئیسقایی یە٣

سفرەکەت ڕازاوه، هەروەک سفرەیی حاتەم دەچێ
فەخره بۆ دۆستت، بەڵام بۆ دوژمنت ڕیسوایی‌یە

گورگی کێوانیش هەموویان تێر کران لەم داوەتە
کاکه ئەنوەر بەزمەکەی، وا دیاره ملوێن‌ بایی‌یە!

کوا گەڵاڕێزانی پایز بوو له حەوشی خانەقا؟ ٤
کاتی شاباشی گوڵانه، چاوەکەم لەم دوایی‌یە

خانەقا پڕ بوو له ئەنواعی بەشەر، کاک ئەنوەریش
هەر خەریکی فیکری بیکر و خەڵوەتی تەنیایی‌یە!

زاهیرەن ئازایه، وەک شێری ژیانه خۆ، بەڵام٥
داخەکەم ـ وەک من بزانم ـ باتینەن مووسایی‌یە

جووی جەنابی 'حاجی‌'یه هیچی له باران‌دا نییە
گەر له پەردەش بێتە‌دەر پیاوانه، ئیستیسنایی‌یە!

١. چاپی ئەنیسی: لەم خانەقا و ئاوایی یە.
٢. چاپی ئەنیسی و جەعفەر: داوەتە خۆڕایی یە (بە بێ وێرگول (فاریزە) ی نێوان دوو ووشەکە).
٣. ئەم فەردە لە چاپی جەعفەردا نییە و من لە چاپی ئەنیسیم وەرگرتووە.
٤. چاپی ئەنیسی و جەعفەر: پاییز.
٥. چاپی ئەنیسی: شێری ژییانە
زەنبیل، پایزی ١٣٣٩ی هەتاوی
(لاپەڕە ٣٧ و ٣٨ ی چاپی ئەنیسی و ٢٢٥ ی چاپی جەعفەر)

پەراوێز edit