ئاڵەکۆک

سابیر ڕازی add_a_photo
ڕازی هۆنراوەکانی وەلی دێوانە (شەم و پەروانە)
٤٩. شیوەنى ڕەنجوورى بۆ مەرگى وەلى دێوانە
یاران بێ‌هەستم، یاران بێ‌هەستم
ياران لە داخى دڵم بێ‌هەستم

حاڵ پەڕێشان و دڵ ماران‌گەستم
ژيان و شادى دەرچوو لە دەستم

پەنگی خواردەوە هۆنراوەى جوانم
خەفەت وەكوو كێو بارە لە شانم

بە ڵێڵی ئەسرين لە چاو دێتەخوار
ديدەى بينينم تاریک بوو یەک‌جار

ئاگر لە دڵ و دەروون بەربووە
دووكەڵى ئاهم چیاى گرتووە

بۆ كۆچى دواکۆچ! وەلى دێوانە
ناودارى عەشق، ميرزاى زەمانە

خاوەنى شيعرى ئاودار و بەتام
ميرزا وەلى بوو دێوانەى پڕفام

خاوەن بەیت و فەرد کانگای کەماڵ بوو
بەزم و نەزم تەڕ، خاوەن خەیاڵ بوو

دانا وو زانا، ساحێب ئاسار بوو
لە هەڵبەستى جوان پێشكەوتوو ديار بوو

ویردى سەرلێوى خاوەن وەزیر بوو
بەيتى پڕمانا زۆر ڕۆشنبیر بوو

چراى ڕووناكى ئێڵى جافان بوو
شانەى لەت‌لەتى پرچ‌كڵافان بوو

دەنگى دابوەوە لە هەموو شاران
بەرزى كردبوەوە ناوى ناوداران

هەرچەند كەم دوێ بوو شيعرى خۆش‌تەرزە
لە سایەى شيعرى تیرەى سەربەرزە

'زەند' و 'زەنگەنە'، 'جاف' و 'پاڵانی'
هەموو سەربەرزن بە 'قەیس'ى سانى

لە شیعرى شیرین تەواو مەشهوور بوو
لە هەڵبەستى جوان 'سەعدى' دەستوور بوو

نازدار و جوانى 'بن‌كوڕە' و 'زەهاو'
خانەدانانى ئێرە و ئەوبەرئاو

هەميشة دڵشاد بە شيعرى خۆشى
عەشقیان گەرم كا عەشقى لە جۆشی

سينگى سەدەفى گەنجينەى دوڕ بوو
دڵ و دەروونى لە زانين پڕ بوو

زوبانی ڕەوان 'زەنگەنە' وو 'زەند'
بۆی بەجێ هێشتین ئامۆژگاری و پەند

حەیفە حەیف چەرخی چەواشەی چەپگەرد
میرزای هەڵکەوتووی ئەمڕۆی ئێمەی برد

بادەی مردنت بە زۆر پێ نۆش کرد
ڕووی لە جیهانی کپ و خامۆش کرد

کێ بێ لە دوای ئەو ئاوا بتوانێ؟
کێ ڕەسم و قانوون 'مەجنوون' بزانێ؟

کێ مەدح و سەنای باڵای جوانان کا؟
کێ نووری چاوی پێشکەش چاوان کا؟

کێ پەروانە بێ بۆ شەم جەبینان؟
کێ بێ سەناخوان پەرچەم‌موشکینان؟

کێ لە بای شەماڵ بپاڕێتەوە؟
کێ بەرد بە ئاهی بتاوێتەوە؟

دوای مەڕگی بەڕێز میرزای پڕمایە
خۆزگە ئەم چەرخە هەڵبگیرایە

خوایە ڕووی ڕەحمی لێ بدەرەوە
لە بەهەشتی خۆت جێی بکەرەوە

ڕەنجووری بۆ مەرگ میرزای دێوانە
ئاخ و داخییە لەدەس زەمانە
دیوانی وەلی دێوانە، چاپی انتشارات کردستان ١٣٨٥ کـ. هـ، لاپەڕە ٩٥ـ٩٧.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit