ئاڵەکۆک

سابیر ڕازی add_a_photo
هەر من ناشادم، هەر من ناشادم
هەموو کەس شادە، هەر من ناشادم

هەر من ناگاتە لای خوا دادم
هەر من بێ‌بەشی قاپی مرادم

هەر من ڕێی مۆری نەردم گیراوە
هەر من شەش‌دەری بەختم تەنراوە

هەر من ناسازە فەلەک لە بەختم
هەر من گیرۆدەی ئازاری سەختم

هەر من چەرخی چەپ لێم چوو بە قینا
هەر من ڕۆژڕەشم لە ڕووی زەمینا

هەر من ئەستێرەی شادیم گیراوە
هەر من فریشتەم دەربەدەر ماوە

هەر من ئیقباڵ و بەختم نوستووە
هەر من رێیگەیی ڕاستم ون بووە

هەر من چەوساوی دەستی گەردوونم
هەر من بادەنۆش جامی مەجنوونم

هەر من پەروانەی غەمناک و خەستەم
هەر من گڕی عەشق بەربۆتە جەستەم

هەر من وەک بولبول یەک فەسڵم وەسڵە
هەر من سێ فەسڵی عومرم بێ ئەسڵە

هەر من ڕۆژی ڕوون لە چاوم تارە
هەر من ژیانم وەک ژەهری مارە

هەر من گیرۆدەی ئێش و ئازارم
هەر من بە پاییز گۆڕا بەهارم

هەر من سزاکێش داخ لەسەر داخم
هەر من چاوەڕێی ڕێگەی لەیلاخم

هەر من بۆ دۆستی ئێلاخ نشینم
وەختە بێتەدەر گیانی شیرینم

تا ئەو ڕۆژە خێڵ ئەگەرێتەوە
من بەداخەوە سوێم ئەبێتەوە

مەگەر خوداوەند بێتە فریادم
ئەینا تا مردن خاتر ناشادم
دیوانی وەلی دێوانە، لاپەڕە ٧٢و٧٣.

پەراوێز edit