ئاڵەکۆک

سابیر ڕازی add_a_photo
ڕیسوای زەمانەم، ڕیسوای زەمانەم
«قەیسی» سەر شێواو سەحرای وێرانەم
«پەروانە»ی پەشێو ڕیسوای زەمانەم
بێزار لە ماڵم، شێت و «دێوانە»م
وێنەی بایەقوش شەو لە وێرانەم
جەرگ‌بڕاوی تەشەر و تانەم
بێزار لە بینین دیدەی یارانم
پاسەوانی دێر سەر دیارانم
لە کەس تەوەللا لە دۆست بێزارم
بە شەوو بە ڕۆژ لە یادی یارم
عەسای خەم لەدەس مەی، خەم ئەنۆشم
سەرگەردانی خەم شڕەی خەم پۆشم
سزاو ستەم‌کێش بەختی ڕەش بینم
«فەرهاد»ی کۆکەن موغار نشینم
شەش‌دەری بەختم ڕێی لێ گیراوە
خەم‌بار و دڵ‌تەنگ جەرگم بڕاوە
چەوت و لار و گێژ چەرخی چەپ‌گەردم
دەردم گرانە دوور لە هاودەردم
وەک سەربزوتی قەراخ ئاگرم
بە سروەی شەماڵ زیاتر گڕ ئەگرم
دڵ پڕ ئازاری زەمانەی دوونم
پشتم شکاوە کۆم و زەبوونم
شەو دیدە بێ‌خەو ڕۆژ بێ‌قەرارم
گیراوی جەوری چەوتی ڕۆژگارم
بێزار لە ژینم ڕازیم بە مەرگم
بە نەشتەری خەم کون‌کونە جەرگم
چاو لەڕێی خێڵان ڕیسوای هۆزانم
بە ئاگری عەشق سوتاوە گیانم
هاوڕێی جانەوەر لە بیابانم
«قەیس»ی تانەکێش، چاو بە گریانم
«پەروانە»ی شەوقی «شەم»ڕوخسارێکم
پێکراوی تیری موژەی یارێکم
«حاتەم»ێکی «تایی» قاتە لە بەختم
بەزەیی‌یەکی بێ بە دەردی سەختم
وەک «نۆفل» کێ‌یە بێ بۆ ئەم جێ‌یە
ببینێ «قەیس»ی دووهەمی لێ‌یە
خەیاڵ چەندخۆشە بۆ نەوەی ئادەم
خوا بی‌ناردایە یەکێ وەک حاتەم
شادی کردایە دڵەی خەمبارم
بە ئاواتی خۆم بە وەسڵی یارم
خوایە مەگەر تۆ بگەیتە فریام
ئەینا تا مردن ئاوارە و تەنیام

پەراوێز edit