ئاڵەکۆک

ئەحمەد هەردی add_a_photo
هەردی ڕازی تەنیایی
١٣. پێنج خشتەکی لەسەر غەزەلێکی شێخ نووری
قەت نەدەی ئازاری گیانی مەست و بێدارانی شەو
خۆت نەخەیتە بەر شەپۆلی ئەشکی بێ پایانی شەو
ئەی کچی خواوەندی جوانیی و ئەی چرای دیوانی شەو
«خۆت بپارێزە لە ئاهی دڵبریندارانی شەو
نەک خوا ناکەردە گیرا بێ دووعای ناڵانی شەو»
وێڵم و تاریکە دەورم، فەرشی رێگەم مەینەتە
بێ کەسم، تەنیا ئەناڵم، مەرگی خۆمم عەزرەتە
سازی ئاهەنگی شەوانم، سۆزی جەرگی لەت لەتە
«یاوەر و یاری ئەنیسم ئاهو ئەشکی حەسرەتە
ئافەرین ئەی بارەکەڵڵا، دیدەیی گریانی شەو»
وا نەزانی دەستی خەم یادت لە دڵدا دەر ئەکا
ئەشکی خوێنینم دەلیلە بۆ کەسێ باوەڕ نەکا
گیانەکەم بەو تیشکی چاوەی شەڕ لەگەڵ ئەختەر ئەکا
«دڵ ئەبێتە قەترەیێ خوێن و لە دیدەم سەر ئەکا
هەر کە ڕابوورێ بە دڵما سوحبەتی جارانی شەو»
هاودەمێ فەرمووی: لەبەرچی کردەوەت گریانە هەر
تافی لاوێتیتە، لاویی، قەڵبەزەی سەیرانە هەر
من وتم سەیران و خۆشی پێشکەشی شادانە هەر
«ئەشکی حەسرەت لازمی جەمعی سیابەختانە هەر
شەونمی سوبحە دەلیلی قەترەیەک گریانی شەو»
هەوڵی زۆرم دا، لە داوی زوڵفی ئەو بێ مروەتە
دەرچم و دوایی بهێنم بەم عەزاب و مەینەتە
پێی وتم بێ سوودە هەوڵت، تاکوو ماوی جێگەتە
«نووری لەم پێچ و خەمی زوڵفە نەجاتت زەحمەتە
لای سەخی تەبعان مەحاڵە ڕوخسەتی میوانی شەو»
هەڵەبجە (١٩٤٨)
پێداچوونەوە: بینایی دیدە

پەراوێز edit