ئاخ و داخ و دەرد، لە دەست تەنیایی
پەشێویی بێ حەد، دەردی بێ دوایی
 ئەم سەرسامییە
 بێ ئارامییە
 دڵ ناکامییە
 کەی دێ کۆتایی؟ 
***
بۆ هەر کوێ ئەچم پێی خراپترم
ناسرەوێ دڵەی پڕ لە ئاگرم
 نە لە ناو گوڵزار
 نە لای خزم و یار
 نە لە دەشت و شار
 ئۆقرە ناگرم
***
لە دەست شار هەڵدێم، ئەچمە ناو گوڵزار
لەوێش هەڵناکەم، دێمەوە ناو شار
 وەک ئارام نەماو
 دڵ و پێ سووتاو
 خانەی خەو ڕووخاو
 لە دنیا بێزار
***
کە بە تێکەڵ بوون وەها بێزارم
بۆچ بەتەنیایی پەشێوە کارم؟ 
 بۆ وەک ڕەنجەڕۆم
 وەڕەس بووم لە خۆم
 بۆ هەر کوێ ئەڕۆم
 دڵ بێ قەرارم؟ 
