شاعیر: هەردی کتێب: ڕازی تەنیایی سەرناو: بێ ئارامی سەبارەت: سلێمانی - ١٩٣٨ ئاخ و داخ و دەرد، لە دەست تەنیایی پەشێویی بێ حەد، دەردی بێ دوایی ئەم سەرسامییە بێ ئارامییە دڵ ناکامییە کەی دێ کۆتایی؟ *** بۆ هەر کوێ ئەچم پێی خراپترم ناسرەوێ دڵەی پڕ لە ئاگرم نە لە ناو گوڵزار نە لای خزم و یار نە لە دەشت و شار ئۆقرە ناگرم *** لە دەست شار هەڵدێم، ئەچمە ناو گوڵزار لەوێش هەڵناکەم، دێمەوە ناو شار وەک ئارام نەماو دڵ و پێ سووتاو خانەی خەو ڕووخاو لە دنیا بێزار *** کە بە تێکەڵ بوون وەها بێزارم بۆچ بەتەنیایی پەشێوە کارم؟ بۆ وەک ڕەنجەڕۆم وەڕەس بووم لە خۆم بۆ هەر کوێ ئەڕۆم دڵ بێ قەرارم؟ ++++++++++++++++++++++