ئاڵەکۆک

مارف ئاغایی add_a_photo
مارف ئاغایی زەوی سەخت و ئاسمان دوور
٧٢. چەند کۆپلە شێعری سەربەخۆ
(١)
لێوم پەنجەی باغەوانێکە،
چاوەڕوانە:
بەری ماچێ
لە داری بەژنی تۆ بچنێ.

(٢)
هەوری یادت
بەسەر داربە ڕووی باڵاما ڕادەبوورێ.

ناتوانم دەست لە دەستت نێم؛
بریا هەور دەستی بوایە!

(٣)
من بەروبووی داری گریان،
تۆ ڕێبواری نێو باغی سەوزی پێکەنین.

چەند زەحمەتە بە یەک گەیین!

(٤)
سینگی هەور
کاغەزی زۆر نامەی من بوو.

بۆ پەژارەم:
هەور گریا،
کاغەز بە دەستت نەگەیی!

پەراوێز edit