ئاڵەکۆک

مارف ئاغایی add_a_photo
مارف ئاغایی زەوی سەخت و ئاسمان دوور
٢٨. خۆشم دەوێی، لێشت تووڕەم
(١)
دیسان دووکەڵێکی ڕەش و هەناسەی تۆ،
دیسان کۆڵانی غەریبی و سێبەری تۆ،
دیسان جانتای ئاوارەیی و سەرشانی تۆ،
دیسان، دیسان
زاری کراوەی کەلەبچە و
دەستانی تۆ.

تۆ چەندە بارێکی قورسی
بەسەر لاشانی غەمەوە.
چەمۆڵەیەکی چەند مۆنی
بە نێوچاوانی تەمەوە.

(٢)
هەور وەک تۆ
بە گریان ئاشنا نییە
ژان وەکوو تۆ
بە ناخی هیچ برینێکدا ڕۆنەچووە.
هیچ بێشەیەک
لە خەزانی تەمەنیدا

نیو ‌هێندی تۆ
گەڵا و لک و پۆی ئازاری
نەوەریوە.

تۆ چەندە بارێکی قورسی
بە سەر لاشانی غەمەوە
چەمۆڵەیەکی چەند مۆنی بە نێوچاوانی تەمەوە.

(٣)
ئاویەر نەیتوانی ‌‌‌غەمی تۆ لە کۆڵ بنێ،
ناردی بۆ سەر شانی دمدم.
زرێبار لە دەستی نەهات
تۆزی غەمی سەر سیمای ون بووی تۆ بشوا
لە نێو زەریاچەی ورمێی خست.
لەو کاتەوە
من ئاوارەم
بە شوێن چیا و دەریایەکی ئەفسانەیی!

(٤)
چۆن کۆڵەکەی ساوای بەژنم
ئەم ئاسمانەی غەمی تۆی پێ ڕادەگیرێ؟
کوا بە کانیاوی چاوانم
دەریای فرمێسکی غەمی تۆ
هەڵدەگیرێ؟

(٥)
لەنێو لەتی ئاوێنەی چارەنووستدا
خۆت لێ ون بووە،
بیر و هەنگاوی تۆ، هەرگیز
یەکتریان پێ نەدۆزراوە،
ڕێگا لەگەڵ
ڕێبواری ساڵانی پێشووی
ئاشت نەکراوە.

(٦)
ناتوانم دەست لە دەستت نێم:
پۆلوویەکی گەشاوەیە، دەمسووتێنێ.
ناتوانم نا، نزیکت بم:
ئەم هەناسەت
تەنوورێکی قانگ دراوە
دەمخنکێنێ.
خۆشم دەوێی، لێشت تووڕەم.
خۆشەویستیم دەریایەکە
تووڕەییم: دڵۆپ.
زۆرجار دڵۆپ،
ئەم دەریایە هەڵدەلووشێ.

خۆشەویستیم: ئاسمانێکە
تووڕەییم: ئاسمانێکە
تووڕەییم: پەڵەیەک هەور.
زۆرجار هەور،
ئەم ئاسمانە دادەپۆشێ.

(٧)
تا کەنگێ مێروولەی لەشت
باری قورسی سەرت لە سەر شان دابنێ و
لە ئاوارەیی بۆ زیندان
لە زیندان بۆ ئاوارەیی
بتلێتەوە؟
کەی چاوانی بێ تاوانی کۆرپەکانت
دەرگای پێڵوو
لەسەر نیگای باوکانەی تۆ بکەنەوە؟
ئیزن مەدە
لەوە زیاتر ئاوری ڕۆژگار
دووکەڵەکەی لە هەناوتا جێ کاتەوە.
گۆشەی زیندان
بۆشاییەکەی
بە لەشی تۆ پڕ کاتەوە.

(٨)
ئەوە چەند جار
خۆشەویستیم کرد بە هەتاو،
دووکەڵێک بوو بە سێبەرت؟
با ئەو جارەی سێبەری خەستی تووڕەیی
بەسەر باڵای تۆدا بکشێ!
ڕەشەبای شێعرێکی سەرکێش
بۆ نێو هەناسەی تۆ بخوشێ.
بۆ دۆستی شاعیرم جەلالی مەلەکشا

پەراوێز edit