ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
بیرم ناچێ ئەو شەقامەی
ئێوارەیەک بانگی کردین
داوای پیاسەی چەند سەعاتێکی لێ کردین
بیرم ناچێ.
لەو سەرەوە
کەتەنیا خۆم گەڕامەوە
سەرنجم دا: شەقام بوو بوو بەهەردووکمان.
لەشوێن چرپەت
چرۆ سەری دەرئەهێنا.
لەشوێن تاسەم
شەوقی گڵۆپ
ڕێژنەی قژی بارانێکی
زۆر لەسەرخۆ دائەهێنا.
لەو جێیەدا
کە پێکەنیت
زنەی ئاوازێکی ڕووناک

هەڵئەقوڵا!
لەو جێیەشدا
دەستم گرتی
بینیم لاولاوێ بە باڵای فوارەیەکدا
هەڵ ئەزنا!
لەو جێیەشدا
لەو جێیەشدا
ماچم کردی
بینیم هەرچی دەم ولێوی
دڵدارانە بوونەتە هەنگ
بۆ مژینی ئەو «شانە» یەی
کەماچەکەی من و تۆی کرد
بە هەنگوینی ئەم جیهانە!
بیرم ناچێ ئەو شەقامەی
ئێوارەیەک بانگی کردین
داوای پیاسەی
چەند سەعاتێکی لێ کردین
بیرم ناچێ
چۆن بیرم چێ؟ !

پەراوێز edit