شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: ڕەنگاڵە / دەفتەری گەشت و خۆشەویستی سەرناو: شەقام بیرم ناچێ ئەو شەقامەیئێوارەیەک بانگی کردین داوای پیاسەی چەند سەعاتێکی لێ کردین بیرم ناچێ. لەو سەرەوە کەتەنیا خۆم گەڕامەوە سەرنجم دا: شەقام بوو بوو بەهەردووکمان. لەشوێن چرپەت چرۆ سەری دەرئەهێنا. لەشوێن تاسەم شەوقی گڵۆپ ڕێژنەی قژی بارانێکی زۆر لەسەرخۆ دائەهێنا. لەو جێیەدا کە پێکەنیت زنەی ئاوازێکی ڕووناک هەڵئەقوڵا! لەو جێیەشدا دەستم گرتی بینیم لاولاوێ بە باڵای فوارەیەکدا هەڵ ئەزنا! لەو جێیەشدا لەو جێیەشدا ماچم کردی بینیم هەرچی دەم ولێوی دڵدارانە بوونەتە هەنگ بۆ مژینی ئەو «شانە» یەی کەماچەکەی من و تۆی کرد بە هەنگوینی ئەم جیهانە! بیرم ناچێ ئەو شەقامەی ئێوارەیەک بانگی کردین داوای پیاسەی چەند سەعاتێکی لێ کردین بیرم ناچێ چۆن بیرم چێ؟ ! ++++++++++++++++++++++