ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
وەکوو درەختێکی تەنیای
بەر زەردەپەڕ
لەپاڵ دەوەنی گردێکدا
ڕاوەستاوم
سەر و مل و تا ناوقەدم
لەبەر هەتاو
قاچ و قول و تا ژوور ئەژنۆ
نوقمی سێبەر.
بەرامبەرم:
کێوی بەردینی گەردن لووس
وەک دیواری شووشەی شین باو
ڕێک هەڵکشاو
کە گلێنەم ئەفڕێ بۆ لای
وەک سەرنجم هەڵبخلیسکێ
چاو ئەتروکێ و کزەبایەک
کالانە پڕ ئەکا لە ئاو.
لەم لاشەوە تەم ومژێ
وەک قژی خاو
 بەدەم «با»وە
دێت و ئەچێ و جارێک ئەچێتە سەر لەشی
بەفری نووستوو دایئەپۆشێ و
جارێکی تر وەکوو هەڵبێ
بەرەو دواوە
بەرەو دۆڵی ئەودیوی شاخ
مل ئەنێت و بەهێواشی دائەگەڕێ.
لەو لایشەوە لووتکەی تیژی
شێوە خەنجەر.
پەڵە هەورێکی سمیوە و
چەتری سپی
هەڵداوە لەسەر تەوقە سەر.
لە بناردا و لەسەر ڕووبار
کە شەوقی ئاوێنەی ئاوی
چەپکە پرشنگ
ئەدا لە پەڵکە گیای دەشتی
ڕاکشاوی تەختی کەنار.
پۆلە ماسیگرەی سپی
سپی وەکوو گوڵی چوالە
باڵ وەرئەدەن لە تەنکاو و
تنۆکی سارد ئەپرژێنن
لە دەم وچاوی هەڵاڵە.
بە لای ڕاستدا پەڵە چنار
لە جۆگەدا قاچی تەزیو
لەرەلەر و خشەخشی گەڵای گوارەی
وەک ختووکەی لامل بدا
دائەچڵەکێ و پێئەکەنێ و لەنجە ئەکا
چڵی بەرزی گەردانە زیو.
بەلای چەپدا:
ڕێگەی نسرمی ناو دەربەند
ئەم بەر.. ئەو بەر
هەتا ئێستەش دەست و پەنجەی
دارستانی شین هەڵگەڕاو.. لە گۆ کەوتوو
بنچک لەژێر بەفرا خەوتوو
کەسەرنجی زیاد لێ بگرم
من لێرەوە لە سەرماندا
وەک شۆڕەبی هەڵئەلەرزیم.
ئێوارەیە و خۆرنشینە و هەر وەستاوم
لەو ساکەوە پەیکەرێکی بلووز شینم
هەر دوو دەستم لە گیرفاندا و نەجووڵاوم.
ئەوا ئێستەیش
لە دامێنی زەرد و سووری ئەم گردەدا
تۆ ئەبینم ئەی کچی جوان!
کراس و کەوای پوولەکەت،
نێرگزی قژ،
بریسک و هوڕ
بریق و باق
وەک گزنگ و دەنکە تەرزە
وەک پوولەکەی پشتی ماسی
گۆمی زۆر ڕوون،
وەک پزیزکی ئاگری شوانی
بە قەدپاڵەوە سووتاوم،
وەک دڵۆپی هەڵپرژاوی
سەر قەڵبەزە
هەزار تیشکی
ڕەنگاوڕەنگ ئەدەن لەچاوم.
گەرای سەدان شیعری بچووک
لەناو ناخی مندا ئەخەن.
بەئەسپایی و بە ژێی دڵم
زۆر مۆسیقای دەنگ سیحراوی
نەبیستراوم بۆ لێ ئەدەن.
ئەی شۆڕە کچ!
ئەبێ چی جوانتر بێ لە تۆ؟
مەگەر تۆزێکی تر وەختێ
کە تاریکی بەپەلەپەل
بۆ ئێرە دێ
من ئەڕۆم و
ئەو لەجێگەم دائەنیشێ.
وەختێ لەگەڵ
دەنگی سەوزی «خالقی» دا
سوار ئەبم و
بەرەو شار ئەگەڕێمەوە
وەختێ لەپڕ
لەسەر ملەی تاسڵوجەوە
لەودیو جامی تاکسییەوە
«سلێمانی» م دەرئەکەوێ
مەگەر هەر ئەو لەم شەوەدا
لەو دوورەوە
شەپۆلی درەوشانەوەی چاوەکانی
تیشکی مرواری بەردەمی
هەڵڕێژراوی
وەک کراس و کەوای بەرت
پوولەکە چن..
مەگەر هەر ئەو
وەک تۆ جوان بێ و بگاتە تۆ و
بەهەر دووکتان شیعری جوانیش
بدەن بە من.

پەراوێز edit