ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
لە ڕۆژهەڵاتی گەڵاڵە
لە خەمهەڵاتی کوێستاندا
لەو شوێنەدا کە خۆرەتاو وەک مێژوومان
وەک بەژنی با
لەناو بەفرا هەڵئەلەرزی.
لەو شوێنەدا
کە شەڕی هەردوو دەسی خۆم
سەری خۆم و
سەری شیعر و
سەری مانگەشەویان ئەبڕی.
لەو شوێنەدا
کیژێکم دی سپی.. سپی

وەکوو گوڵی چوالە و هەرمێ
مل بە هەوریی
کە لێم پرسیی:
ئەی کیژۆڵەی ناو خەونی شاخ
لەم هەرێمی گوڵانەدا
لەم دەریاچەی ڕەنگانەدا
تۆ عاشقی کام چاویانی؟ !
وتی: تەنها تاقە گوڵێ:
گوڵەجەرگی ناو بەیانی
زامەکەی حەسەن کوێستانی! .

پەراوێز edit