ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس مێرگی زام مێرگی ھەتاو
٥٠. زەماوەندی دوا ڕۆژ
ماڵێک.
مۆسیقارێک.
بوخچەیەک نۆتە! .
ڕۆژێک دێت.. پیرێتی
دەستی مەرگ ئەگرێت و
ئەیهێنی بۆژووری خەوتنی ماڵەکە.
ئەوساکە مۆسیقار ئەبێتە
پەپوولە پایزەی سەر ئاوو
وەک خەونی ناو تەمی چنارێ
لە چاوان ون ئەبێ! .
هەروەها ڕۆژێک دێت لێرە نا
لە دوور دوور، وڵاتی مۆسیقار
بە پەنجەی بەفر و با
کە بوخچەی کردەوە
نۆتەکان وەک پۆلە ئەستێرەی باڵ گرتوو
لەسەری کێوان و
لەگەرووی مێژوودا
وەک شایی وشەو گوڵ
دەست ئەکەن بە سەما!
بۆ قادر دیلان

پەراوێز edit