ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
١.
دێیتە ڕۆحمەوە و تیشکیش نیت.
دێیتە لەشمەوە و خوێنیش نیت.
دێیتە چاومەوە و ڕەنگیش نیت.
دێیتە گوێمەوە و دەنگیش نیت.
تۆ نەهێنیی
خۆشەویستیت! .
٢.
مەستم بە گوناه.
مەستم بە تۆبە.
مەستم
کە نەمزانی
بۆچی گوناه و تۆبەم کرد!
٣.
هەر لەبەر چاوی ئاسمان خۆی
هەوریان دزی.
بە بەرچاوی هەوریشەوە
«با» یان دزی.
هەر بە بەرچاوی «با»یشەوە دڵۆپە بارانیان دزی
هەر لەبەر چاوی بارانیش
خاکیان دزی و
لە خاکیشدا
ئەو چاوانەیان شاردەوە
کە دزەکانیان بینیبوو!
٤.
ڕیزێک مۆم و ڕیزێک شیعر.
کە مردن هات فووی لێ کردم
- یەکەم ڕیزم دووکەڵێکە
پەرت پەرت ئەڕوا و بزر ئەبێ و
ئەچێتەوە ناو دڵی خوا.
ڕیزێک مۆم و ڕیزێک شیعر
- دووەم ڕیزم
ئەو وشە و دەنگ و ڕەنگانەن
وەک پرشنگ و خوڕەی ئاو و سەوزیی چیا
نە هەرگیز ئەکوژێنەوە و
نە دەمیان لە گۆ ئەکەوێ و
نە ئەچنەوە.
ئەمێنن وەک کوردستان و
ئەژین وەکوو ئاووهەوا!
٥.
زریان گەڕایەوە ئەشکەوت.
ئەو ئێستاکە
شەکەتە و ڕەنگە زوو بنوێ.
بەڵام دەربەند
دەوری چۆڵە و سەری سووکە و
خەریکی چیرۆک نووسینە:
لە گەرد و گوڵی بەیاندا
سوارێک خۆی کرد بە گەروومدا
سوارێکی ڕەش.. لە پاشکۆیدا
پەرییەکی هەڵگرتبوو
تیژ ئەهاتن
سوارە و پەری گەیشتنە ناو ڕووبارەکەم
لە پڕێکدا لە پشتەوە
تەنها شریخەیەک بیسترا
پەری کەوتە ناو ئاوەوە و
بۆچەند ساتێک
وەکوو ڕووبار دڵنیاییم
سوور هەڵگەڕا!
٦.
هەڵتکردم
من تاریکیم پێ خۆشتر بوو!
کوژانتمەوە، من ڕووناکیم پێ خۆشتر بوو!
تێم ناگەی.. تۆ!
من لە بەینی هەڵکردن و
کوژانەوە و مەرگی خۆمدا
گومانێکم
سنوورەکان
نامگرنە خۆ!
٧.
مێژوویەک بوو.. ئەمووستەچاو
هەر «مودیری ئەمن» و مشک و
چەکمەجەیەک
فاییلی تۆیان ئەبینی!
ئێستە دەستە سپییەکانی هەتاو
باهۆزی سەوزی «ڕاپەڕین»
پەڕە.. پەڕە
وشە.. وشە
زەرد نامەیان
ڕەش نامەیان
مەرگ نامەیان
بردۆتە لای:
ئەو خێڵی گیا و گوڵ و مەل و
کازیوانەی
کە بەدەمی قەڵەمەکەت
سەرت بڕین!
٨.
زەنگی کڵێسا و لێدانی
سەری مەسیحە ئەو کاتەی
دائەبارێ ژانەکانی،
خەمی کەرکووک و سووتانی
سەری کوردە لەو کاتەدا
بوون بە مەسیح
شەهیدانی! .
٩.
لە ناو هەموو ئەو وشانەدا کە ئەمشەو
سەریان لە منی نەخۆش داو
هاتبوونە ژوور سەرینم
تەنها وشەیەکیان تیا بوو
دەستی خستبووە دەستمەوە و
تا بەیانی لەگەڵ لەرزما
لەرز ئەیگرت و
لەگەڵ «تا»م دا
«تا» ئەیگرت و
جێی نەهێشتم
ئەویش وشەی: «یادگار» بوو!
١٠.
عاشق قەت ڕەوانبێژ نابێ
چونکە سۆزی گڕستانێ
لە هەناوی ئەو بەربووە
مەگەر تەنها
هەر بێدەنگی
باسی بکا و
هەر بێدەنگیش
دەنگەکانی ئەو دەربڕێ!
١١.
خۆڵەمێشەکە وای ئەوت:
مشتێکی من.. درەختێ بوو.
پیاڵەیەکم منداڵێ بوو.
فنجانێکم.. کۆترێ بوو.
خۆڵەمێشەکە
گردێکی هەڵدراوەی
مێژووی جەستەو
خەونی من بوو!
١٢.
خۆرنشینێ
شیعرێکی مەستم هەڵفڕی.
نەهاتەوە.. دەنگی نەبوو
کە سۆراخم
گەیاندە لای
ساقیە چاوڕەشەکەی «حافڤ»
ئەو پێی وتم
بەدەم خوێندنەوەی رەزنامە و
لەبەر بارانی بادەدا
کەوتە خوارێ و
لەسەر مەزارەکەی «خەیام»
ڕۆحی دەرچوو!
١٣.
تۆ ئەو ساتە
دار هەرمێیەکی سپی بوویت ئەڕۆیشتیت و
شاڵێکت دابوو بە شانتا
شاڵ پڕی بوو لە پۆلە وێنەی باڵندە.
وەختێ گەیشتیتە ماڵێ و شاڵت داگرت
باڵندەکان
هەڵفڕین و
ئەمجارەیان تەماشام کرد لە ئاسماندا
بوون بە پۆلێ لە قەسیدەی
دەم بەخەندە!
١٤.
لەبەر ڕووناکیی تاریکیم
خۆشەویستیت ئەخوێنمەوە.
لەبەر بارانی تینوێتیم
خۆشەویستیت ئەنووسمەوە.
لە سووتانی غەریبیشدا
خۆشەویستیت: نیشتمانی
گزنگ دان و
هەڵهاتنمە! ..
١٥.
لەو شەوەدا
لەو کەژەدا
هەرچی کرمی ئاوریشمینە
لە قۆزاخە هاتنە دەرێ و
بە چوار دەورا
بوون بە چرا:
لە ئاهەنگی ڕێزلێنانی ئەو بەردەدا
کە ئەستێرە برینێکی سلێمانی
لە گیانی خۆیدا
حەشاردا!
١٦.
لەو خەوەدا دوو ماسی بووین
بە شوێن گۆمێکدا ئەگەڕاین
«مانگ»ی تیا بێ.
پرسیارمان کرد لە ڕووبارێ
ئەو پێی وتین:
لەبەر ئەوەی مانگ گیراوە
ئەبێ ئەمشەو چاوەڕێکەن
تا بەر ئەبێ.
بەڵام ئەفسووس
ئەو وەختەی مانگ بەرەڵڵا بوو
بەخەبەر بووین!
١٧.
هەنووکە تۆ بەلەمی یان
مەراقێکی درێژکۆڵە و
منیش ڕووبار؟
ئەمێستا تۆ لاولاوی یان
ئازارێکی پێچاوپێچ و
منیش دیوار؟
تۆ خۆرنشینی وەرامی؟
یان زریان و تۆفی پرسیار؟
١٨.
تۆ کتێبی و
هەروەها ئەویش کتێبە
جیاوازییەکتان ئەوەیە
تۆ کتێبی یەک ژووریت و
ئەو کتێبی هەموو وڵات.
تۆ شەپۆلی و
ئەویش شەپۆل
جیاوازییەکتان ئەوەیە
تۆ شەپۆلی جۆگەیەکی و
ئەو شەپۆلی ئۆقیانووسێ.
تۆ مۆمیت و
ئەویش هەر مۆم
جیاوازییەکتان ئەوەیە
تۆ ڕووناکییەکەت چەقیوە و
ئەو ڕووناکییەکەی گەڕیدەی
هەموو جیهان!
١٩.
دوای بۆردومانی ئەو کەژە
هەندێ دارگوێز هەر بە پێوە مابوونەوە
ئەیانبینی
سەرو ملیشیان بائەدا و
دەستیشیان ئەجووڵانەوە!
بەڵام نە گوێیان لە هاژەی چەمەکە بوو
نە لە قریشکەی ژنان و
نە لە زریکەی مناڵ و
نە لە زرمەی تەقینەوەی
دینامێتی ناو گوندەکە!
٢٠.
پیرۆزن ئەو دەستانەی لەم بنارەدا
خانوو بۆ خەونی منداڵان دروست ئەکەن.
پیرۆزن ئەو دەستانەی لەم پێدەشتەدا
ژوور بۆ وشە و
شەقام بۆ قاچی ڕووناکی و
پلیکانە بۆ پاشەڕۆژ دروست ئەکەن
بەڵام پیرۆزترین باسک و
ئازاترین دەست و پەنجە
ئەو دەستانەن لە پێش دەستەکانی تردا
هەموو ساتێ
لەگەڵ مەرگا ڕووبە ڕووی یەکتر ئەبنەوە
ئەو دەستانەن یەکە یەکە
مینی چێنراو ئەچننەوە!
٢١.
کەوان وتی:
کە پشتی خۆم ڕاست کردەوە
یەکەم شتێ کە من بیکەم:
لە سێدارەدانی تیرە.
مەگەر تەنها خۆم بزانم چی پێ کردووم!
٢٢.
ئا ئەم دیجلە و فوراتە چین
ئەگەر ئاون
ئاو بێ ڕەنگە و کەچی ئەوان هەر بەردەوام
ئەرخەوانین!
ئاو بێ تامەو کەچی ئەوان هەر بەردەوام
تامی مێژوویەکی سووتاو ئەدەن!
ئاو بێ بۆنە و کەچی ئەوان هەر بەردەوام
بۆنی قژی
کچ و کوڕە کوژراوەکانی ئێمەیان لێ دێ!
٢٣.
لەم کەژەدا دار دوودڵە
بڕوات؟ یاخود هەر وا ڕاوەستاو بێ؟ ..
لەم چەمەدا ئاو دوو دڵە
ببێ بە شەختە یان هەڵم و بوخار؟ !
لەم ڕێیەدا قاچ دوو دڵە
بگەڕێتەوە یاخود هەر بەردەوام بێ؟ !
لەم باخەدا مەل دوودڵە
هەڵکورمێ یاخود هەر بفڕێ؟ !
لەم ساتەیشدا وشەکانی من دوو دڵن
ئەم قەسیدەیە تەواو کەن؟ !
یاخود بۆ ئێوەی جێ بێڵن؟ !
با جیێ بێڵم؟ ..
٢٤.
وردبوونەوەی وشە لە وشە.
وردبوونەوەی خەیاڵ لە خەیاڵ.
وردبوونەوەی چاوم لە چاوت.
وردبوونەوەی لەشم لە لەشت.
کردیانم بە زەریا و
کردیانم بە ئاگر.
دوورکەوتنەوەی وشە لە وشە.
دوورکەوتنەوەی خەیاڵ لە خەیاڵ.
دوورکەوتنەوەی چاوم لە چاوت.
دوورکەوتنەوەی لەشم لە لەشت.
کردیانم بە شەختە و
کردیانم بە قاقڕ!
٢٥.
هۆدەیەکی ڕووت و ڕەجاڵ
پیرێژنێ.
پشیلەیەک.
تۆزێکی تر پیرێژن چاوی لێک ئەنێ و
بە ڕێی «با»دا
ئەچێتەوە بۆلای خوای خۆی.
تۆزێکی تر پشیلەکەیش
تا مڕ ئەبێ
دەم ئەنێتە ڕزقی خوای خۆی!
بۆ «سەلیم بەرەکات»

پەراوێز edit