ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
ماوەیەکە من خۆم فێری
زمانی زەریاکان ئەکەم
هەتا ڕۆژنامەی شەپۆل و
گۆڤاری تەم بخوێنمەوە و
لە گفت و گۆی: نێوان هاژە و
کەنار بگەم! .
ماوەیەکە من خۆم فێری
نۆتەکانی باران ئەکەم
تا گیتاری (با) بژەنم و
پیانۆی ڕێژنە لێدەم و
لە کۆنسێرتی جۆگەکان و
لە کۆڕاڵی ڕووبار بگەم! .
ماوەیەکە من خۆم فێری
مەلەی ناو بێدەنگی ئەکەم
هەتا گێژەنی پرسیارم قووڵ بێتەوە و
بچمە ژێر وشەکانەوە و
دەستبەم لە بنی نەهێنی و
لە گومان و
لە مردن و
لە خوا بگەم.
ماوەیەکە من خۆم فێری
هەڵگەڕان ئەکەم بەشەودا
هەتا چاوی ناو مەترسیم تیژ بێتەوە و
بچمە سەر دوندی تەنیایی و
لەوبەرزەوە
سەیری جیهانی خەم بکەم.

پەراوێز edit