شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: مێرگی زام مێرگی ھەتاو سەرناو: تەماشا ماوەیەکە من خۆم فێریزمانی زەریاکان ئەکەم هەتا ڕۆژنامەی شەپۆل و گۆڤاری تەم بخوێنمەوە و لە گفت و گۆی: نێوان هاژە و کەنار بگەم! . ماوەیەکە من خۆم فێری نۆتەکانی باران ئەکەم تا گیتاری (با) بژەنم و پیانۆی ڕێژنە لێدەم و لە کۆنسێرتی جۆگەکان و لە کۆڕاڵی ڕووبار بگەم! . ماوەیەکە من خۆم فێری مەلەی ناو بێدەنگی ئەکەم هەتا گێژەنی پرسیارم قووڵ بێتەوە و بچمە ژێر وشەکانەوە و دەستبەم لە بنی نەهێنی و لە گومان و لە مردن و لە خوا بگەم. ماوەیەکە من خۆم فێری هەڵگەڕان ئەکەم بەشەودا هەتا چاوی ناو مەترسیم تیژ بێتەوە و بچمە سەر دوندی تەنیایی و لەوبەرزەوە سەیری جیهانی خەم بکەم. ++++++++++++++++++++++