١
بابە! تاسەی بینینەوە، بۆ تۆ پەرۆش بوو
ئارامی دڵ، لەناو یادا، ون و خامۆش بوو
چاوەڕوانی، زیاتر، خەمی تۆی بۆ ئەهێنام
بزەی خۆشی، لێم تۆرابوو، نەئەهاتە لام
پەپوولەی خەم، لەسەر پەڕەی، دڵی ژاکاوم
قەتیس مابوو، وەک فرمێسکی، بێدەنگی چاوم
لەو ڕۆژەوە، کە تۆ چەکت، کردبۆوە شانت
چەکی تۆڵەی، ڕێی سەربەرزی، بۆ نیشتمانت
لەو ڕۆژەوە، ئیتر منیش، بڕام لە گەشە
ئەو گەشەیەی، کە باوکێتیی، وا لەباوەشە!
بەڵام بابە، ئەمزانی بۆچ، وێڵی کێوانی
لەبەر چییە؟ کە ئاوارەی خۆشیی ژیانی!
ئێستەش بیرمە، ئەو شەوانەی، کە دائەنیشتین
هەتا درەنگ، وەنەوز چاوی بەخەو ئەگرتین!
پێت ئەوتین: من خوڵقاوم بۆ نیشتمانم
شانازییە لەو ڕێیەدا بەختی کەم گیانم
ئێستەش بیرمە کە ڕووی دەمت لەدایکم کرد
کە پێت ئەووت: من مناڵم گۆش ئەکەم بۆ کورد!
هەر ئەوساکە، من ئەمزانی، کە وا نیشتمان
لەناو گیانتا، لەناو بیرتا، ئەژی تا نەمان
بابە کاتێ، ڕۆشتیت ماڵئاواییت کرد لێمان
هەرگیز یادی، ئا ئەو شەوە، ناچێ لە بیرمان
هەمومان بووین، وردیلەکان، بە سەرنجی چاو
ڕووی پرسیاری، بێ قسەیان، لە دڵا جێماو
نەئەفامین، کە تۆی باوکیان، لەسەر ڕۆشتنی
بۆ ئەو شوێنەی، کە ئامادەی، خۆ تیا کوشتنی.
ئێستەش بیرمە، دەستت هێنا، بەسەر سەرمانا
بەتاسەوە، ماچی دواییت، کرد لەگەڵمانا
ئینجا وتت: کۆرپەلەکان، ڕۆڵەکانی من
گەرچی پەستم، جێتان دێڵم، بەڵام وا دوژمن
هاتۆتە سەر، جێ نزرگەی، نیشتیمانەکەم
بێ شەرمییە، بۆی نەجەنگم، لە ترسا ڕاکەم!
٢
ئەی بابە گیان، پاش ڕۆشتنت، تاسەی بیرکردن
هەموومانی، هێنایە سەر بۆ لای تۆی بردن:
بەڵام ترس، لە داگیرکەر، لە دەوری شارا
ئەو ئاواتەی کپ کردەوە لە گیانی تارا.
جار جار نامەت، تاریکاریی، لا ئەدا لەدڵ
خەمی دەروون، ئەتوایەوە، بۆ بەهاری گوڵ.
شنەی وشەی، نامەکانت، فێنکایی هیوای:
ئەدا بە گیان، لەو دوورەوە، کە سەربەست ئەدوای.
نامەت بڕا.. دیسانەوە، پایزی پڕ خەم
ڕووی کردەوە، ژیانەکەی، خێزانی ماتەم
بەبێ ئارام، کەوتینەوە، دەریای دڵتەنگی
هەزار پرسیار، لەشوێن ئەنجام، بۆ تۆ ئەجەنگی
هەواڵەکان، پەڕە ژاکاو، سیس و وەریبوون
مەلی خۆزگەی، نەوبەهاریان، لەسەر تەریبوون!
لەدواجارا، بەئەنجامی، هەواڵ گەیشتین
ئەو هەواڵەی، فرمێسکی زۆر شەوی پێ ڕشتین!
بابە! تاسە و سۆزی گەرم و گوڕی جارانت:
ئەوەی مابێ یادگارە وەک نامەکانت.
سەرنجی یاد، لە ڕابوردوو، مایەی ژیانمە
بیرەوەریی، تروسکایی، ئێستەی گیانمە!
خەیاڵی تۆ، هەتاکوو بێ، زۆرتر ئەمدوێنێ
بەو داخەوە، بەو یادەوە، شەوان ئەمنوێنێ.
ئەی بابە گیان، هەرچەند ژیان، وەها ناخۆش بێ
کە شەو و ڕۆژ، ئەم ئازارەی، ئێمەی لەکۆش بێ
بەڵام مادام، مردنەکەت، جێی شانازییە
بۆ ئەم خاکە، بۆ نیشتمان، بۆ سەربەرزییە!
مادام خوێنت، ڕژانە سەر سەنگەری نامووس
بووی بە مۆمێ، کە بسوتێی، بۆ ڕێی چارەنوس
بۆ ئەو ڕێیەی، کە کاروانی، شەبەقی ئاوات
مژدەی ڕۆژی سەرفرازیی بەم کوردە بدات!
مادام مردی بۆ ئەوەی گەل بژی و سەربەست بێ
نیشتمانت سەربەخۆ بێ، نەوەک ژێردەست بێ
شانازیمە تۆ باوکمی شەهیدی کوردی
بۆ باوەڕی کوردایەتی بەمەردی مردی!
٣
هەرچەند ژیان، وا شەوەزەنگ، تاریک و ڕەش بێ
لە پرشنگی، خۆری ڕووناک وەها بێبەش بێ
هەرچەند خەوی نەسرەوتنم دوور و درێژ بێ
هەورازی خەم زۆر لە ئێستەم سەختتر و لێژ بێ
بەڵام مادام، لاوی مەردی، ئەم نیشتمانە
قاڵ بووی بیری شۆڕشگێڕیی تفەنگ لە شانە
ڕاپەڕیوە، یەکگرتووە، گیان لەسەر دەستە
جەنگاوەرە، دڵ نەترسە، خاوەنی هەستە
مادام خوێنی لا هەرزانە بۆ ڕێی سەربەستی
سەر شۆڕ ناکا بۆ ژیانی دیلی و ژێردەستی
هەرگیز نامرێ، هەر ئەگاتە، ڕۆژی ئازادی
دەستی هیوای، ئەکاتە مل، بەهاری شادی
ئەی بابە گیان، من دڵنیام، لەوەی سبەینێ
کە ئەم کوردە، تۆڵەی زۆری وەک تۆ ئەسێنێ
من دڵنیام شەوەزەنگی ئەمشەو نامێنێ
تیشکی خۆری ڕۆژی ڕووناک چاو هەڵئەهێنێ
من دڵنیام، کۆت و زنجیر، هەر ئەپچڕێنین
قەڵای ڕەشی ئەژدەهاکی، هەر ئەڕوخێنین.
من دڵنیام وردیلەکان ڕەش و ڕووتی کورد
ئەوەی زۆردار لەباوەشی دایک و باوکی کرد
سبەی پۆشتەن وەک فریشتەی شادی سپی و جوان
تێر و تەسەل گۆرانیی خۆش ئەڵێن بۆ ژیان
من دڵنیام کە هەر ئەبێ شەومان بەسەر چێ
گەل دوژمنی داگیرکەری بخاتە ژێر پێ
ئەوسا بابە، ڕووسووری هەر بۆ شەهیدانە
بۆ کاروانی سەربەخۆیی ڕێی تێکۆشانە
بابە جێگەت تۆ ناو دڵە، نەک گۆڕی تەنگە
ناوت نەخشی، تۆمارێکە، کە بە خوێن ڕەنگە
تۆ هاوڕێی ئەو گیانانەی کە هەرگیز نامرن
هەزاران ساڵ بێت و بڕوا، گەردی کۆن ناگرن
تۆ هەڵگری ئەو مەشخەڵەی کە مەردایەتی
هەڵی گیرسان بۆ باوەڕی ڕێی کوردایەتی
تۆ نەبەردی، تۆ ئەو کەسەی کە داگیرکەران
هاتنە سەرت بەتۆپ و تانک بە بۆمباباران
بەجێت نەهێشت سەنگەرەکەت هەڵیان نەکەنیت
لەگەڵ مردن دەستە و یێخە مەردانە جەنگیت
دەسا بابە پێڵووی چاوی نووستنت لێک نێ
نەتەوەکەت ڕووسوورانە ناوت ئەهێنێ
پشت لەدوای پشت بە ڕۆشناییی باوەڕی ئێوە
نەوەی تازە بەو گیانەوە ئەچێ بەڕێوە!