ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس تریفەی ھەڵبەست
٣٨. دڵداریی جاران
١
پاش نیوەڕۆ، پاش ڕەنجدانی
گێرمە و کێشەی ڕۆژی فەرمان
پاش وچانی..
سەوا و مامەڵەی سەر دوکان
خۆشە گەڕان..
بەناو کۆڵانی گەڕەکی
«سەرچیمەنا» تا «حاجی حان»
بۆ چاوبڕکێ لەگەڵ کچان
بۆ بینینی ئافرەتی جوان.
***
لەناو سنووقی بۆراقا
لەناو تاقا
ڕانکوچۆغەی تازەی جەژن
هاتەدەر بۆ لەبەرکردن.
کڵاش.. بەچنینی وردی
هی هەورامانە دەس کردی
لەپێکرا،
تەواوی کرد: جلی کوردی.
***
ئاوێنەی چەسپی ناو دیوار
چەسپێکی نزمی گێڕ و خوار
بەشانەی تەختە.. هەشت نۆ جار
بەنوشتاوەیی بۆی وەستا
ڕۆنێکی زۆر لەناو مستا
سەری لەبەردا داهێنرا
دەست ماندوو بوون
تا تاقەت چوون
خۆ ڕێک خرا.
***
لەبەر خۆوە بەستەی «هەی نار»
ورتە ورتێتی لەسەر زار
ئینجا.. قەتار..
بۆ پشوودان..
گۆڕیی بە «نازی چاوبازان».
***
بەپۆزێکی هەڵوێستەوە
بۆ بەر دەرگا
سێوە لاسور بەدەستەوە
بۆ سەر ڕێگا
یاریی لەسەر دەس پێئەکا
باوە و وایە
مەعنای تیایە:
نیشانەی کوڵمی جوانانە
هی کچەکەی کانێسکانە.
***
بەکۆڵانا وەرە و بڕۆ
وای دەرئەخا ئیشی هەیە
بەڵام درۆ
بۆ بینینی ئەو کچەیە
کە دەمێکە شێتی بووە
لەدەستەی هەموو جوانانا
لەناو کیژی کانێسکانا
تەنیا ئەو بەدڵیا چووە.
***
تا شل ئەبێ هێزی ئەژنۆ
وەرە و بڕۆ..
سەر ئەشێوێ.. یەت و ئەچێ
هەنگاوی خوار و خێچ ئەنێ..
داپیرەی زیتی تەشی ڕێس
لەبەر قاپی چاوی لێیە..
پێئەکەنێ..
ئەڵی «کوڕم ئەو کۆڵانە.. کوا دەرئەچێ!»
تەریق بوونەوەی پاشە و پاش
ئارەق بەناوچەوان ئەگرێ.
٢
هێشتا عەسرە.. گەڕەک کڕە
خەڵک نووستووی تێر و پڕە
بۆ کچانی زیندانی ماڵ
زیندانی ساڵ
فرسەتێکە بێنە دەرێ
بۆ ناو کۆڵان
بۆ گسک دان
بەر دەرگای ماڵ خاوێن ئەکەن
دوو سێ جار، ئاوڕشێن ئەکەن
بەڵام مەبەست یار بینینە..
بزەی لێوێکی شیرینە.
***
هەتا دڵنیایی تەواو
لەناو دڵا ئارام نەگرێ
هەتا تیشکی سەرنجی چاو
ناخی دەروون تا بن نەبڕێ
هەتا تەواو لەدەس بڕین
نەکرێ نەفرین..
هەتا ڕاستیی نیازێکی پاک
دیاریی نەدا
کچ دڵی خۆی بەکوڕ نادا! .
بەڵام کاتێ دەرکەوت خواستی
پاکە وەکوو نیازی ڕاستی..
ئەوسا.. ئیتر..
بەرقاپی گر..
چاوەڕوانە..
بۆ بینینی ئێوارانێ
ئیشارەتێ.. سەرنج دانێ
کچی دڵخواز پەرێشانە.
***
ئینجا ئیتر پەپوولەی دڵ
چۆن ڕازی دڵ
بگەیەنێ بەسوورە گوڵ
چۆن بیدوێنێ؟ چۆن پێی بگا؟
کەی بێ قسەی لەگەڵ بکا؟
بەکاغەز یان لەبەر دەرگا؟
کەس دیار نەبێ
هەلی هەڵکەوت بەکاربێنێ
ئەم هەڵوێستە زۆر گرانە
خەڵکیش زۆریان دوو زمانە
چاکتروایە بەنامەیە
سکاڵاکەی هەڵبڕێژێ
هەر دووراو دوور لەخەیاڵا!
خونچەی لێوی هەڵبمژێ.
٣
لەسەر کاغەزێ تایبەتیی
کە لایەق بێ بەیاری جوان
کوێرە خەتی
حوجرەی جاران
کەمتر وشەی کوردی پەتی
بەڵام ڕەوان
قسەی ساکار
هەڵئەبژێرێ بۆ مەتحی یار.
دەست پێ ئەکا.. ئەڵی «گیانم
هەناوم، ڕۆحی ڕەوانم
هێزی ئەژنۆم
بینایی هەردوو چاوانم
پەرێشانم..
بەو پەنجانە..
ساڕێژی کە زامی ژانم»
وشەی دووبارەی لەیەک چوو
ئێجگار زوو زوو
دێڕی شاشی ناڕێک و پێک
ئەخەنە ڕوو..
لەگەڵ نووسینی دێڕێکا
پیاچوونەوە بەسەر یەکا
دڵداری یەکەم جارێتی
یەکەم کچی بەهارێتی
بۆیە دوودڵە لەشێوەی
جۆری نووسین.
بۆ نازەنین.
تا چەند جارێ
تا شێوەیەک دڵی ئەگرێ
کاغەز ئەدڕێ
دیسانەوە لەنووکەوە
سەری دێڕی یەکەم ئەگرێ
یەک لەسەر یەک
لەشیعری زۆر
لەفۆلکلۆر..
بۆ وێنە وەک:
«سەر کە سەر ڕانم
ڕەگی حەیاتم
لەقەبرەکەشا
هەر بەتەماتم»
ئینجا نیشانە پێویستە
بۆ پێکانی ئەمی هەژار
دڵ بریندار
بەتیری ئەو خۆشەویستە
با بیکێشێ:
وێنەی دڵێ تیر تێ چەقیو
ئەمپەڕ هەتا ئەوپەڕ سمیو
لەدامێنا خوێن تکە تک
لێی ئەبارێ..
دێتە خوارێ..
هێشتا نیشانەیەک ماوە
بۆ گلێنەی ئەو دوو چاوە
چۆن دەری خا کە سووتاوە؟ !
بەئاگری جگەرەی دەست
لەچەند لاوە
کاغەزی یاری خۆشەویست
کون کون ئەکا
پەرێشانیی دڵی دەربەست
ئاشکرایە و دەری ئەخا.
***
بەر لە کاغەز پێچانەوەش
لەو عەترانەش
کەوا ئێجگار بۆنیان تیژە:
ئەیدا لەنامەی یارەکەی
هەتا بۆنی بەهارەکەی
بکا، شۆخە نازدارەکەی.
٤
دنیای ئارامی ئەوساکە
ئەت وت بەهاری ڕووناکە
خەڵکی دڵیان وەک بەفر بوو
سپی و بێگەرد
ڕق و کینە ناڵێم نەبوو.
بەڵام کەم بوو
درەنگیی بۆ شەوی نەبوو
شەوی شادیی خەوی نەبوو.
***
وەرز هاوینە..
تریفەی مانگ لەسەر سەربان
چرای کۆڕی دانیشتنە
لەپاڵ چیغا
سکاڵای دڵ هەڵڕشتنە
دەستەی کچان
بەدانیشتن یاخود چیچکان
ئەڵقەی خۆیانیان بەستووە
دیوی کۆڵانیان گرتووە
***
وا تاقمێ لەگەڵ کوڕی..
کۆڵان.. گری
دڵدار هاتن
سەر بەرەوخوار..
بەرەو بەر دەرگای ماڵی یار.
یەن و ئەچن..
تا بەر کەلاوەی ئەوبەری
بەرامبەری
کچان ئەگرن
بەدەم گۆرانی و بەستەوە
دەنگ هەڵئەبڕن
هەتا کیژی چاوڕەش هەست کا
حەز لەدەنگی خۆشەویست کا!
***
تینوێتی نیگای گرفتار
وا لەلای یار
بۆ ئەم کاتە
بۆ ئەو مەرام
قسەی بێدەنگ ئیشارەتە.
ئەوا نازدار
دەست بۆ سەر و قژی ئەبا
واتە.. سەلام
لەدڵخوازەکەی خۆی ئەکا! .
***
کەی ئەم ئەبێ بەبووکی ئەو؟ !
کەی دێتەدی خەیاڵ و خەو؟ !
کەی بێ تەمەن، خۆزگەی مەرام،
نەکا ناکام؟ !
چۆن پێی بگا؟ !
تکا و نزا لای کێ بکا؟ !
نزا لای شەخسی پیرانە
گەورەی مردووی گۆڕستانە!
کە نزیکی بارەگاکەی
تەنیای «بینایی چاوانە».
***
بۆ تۆ لەدوور..
هاتووم لەوپەڕی شارەوە
سەرت بدەم:
ئەی «پیرمە سوور»
بۆ حاسڵ بونی نیازی خۆم
ماچت ئەکەم
خۆڵت ئەخۆم
توخوا ئەگەر ئاواتی دڵ
نابەمە گڵ؟
ئەگەر ئەم نیازەم سەر ئەگرێ
با ئەم بەردە بچووکەی دەست
کێلی پیرۆزی تۆ بگرێ!
***
پاڕانەوەی دوور و درێژ..
نزا هەڵڕێژ
لەدەوری گۆڕ..
بەسەزمانە.. بڕوای وایە
کلیلی بەختی دڵداری
لەوێ دایە!
ژیانەوەی چەند وێنەیەکی شیرینی کۆنە

پەراوێز edit