ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس تریفەی ھەڵبەست
٣٣. هێشتا لەپشتی باوکا بووین
ئەوسا ئێمە هێشتا لەناو پشتی باوکا بووین
لەدەروونی غەیب و دنیای چاوتاریکا بووین
نە دەس و دڵ، نە تام نە بۆ، نە ڕەنگ نە هەواڵ
نە دەنگ و سەنگ، نە ناونیشان، نەخەو نەخەیاڵ
هیچیان نەبووین، کە بروسکەی گیانی کوردستان
لەناو شەوا ڕۆژی ڕوونی نوێی دائەگیرسان
هیچیان نەبووین کە ئەم کوردە قۆناغ بە قۆناغ
سووری ئەکرد سەنگەری ناو سنگی شاخ و داخ
کە «ئەیلول»ی گیان بڵێسەی بەردەرکی سەرا
تەرمی ڕۆڵەی لەسەر دەستی هیوا ئەگێڕا
کە ڕاپەڕین بۆ ئازادیی سکی ئەسووتان
کە بازووی ژین کۆتی مەرگی سەرشۆڕیی ئەشکان
کە فوارەی خوێن لەشی خاکی تینووی سوور ئەکرد
کە تاریکیی لەژێر چنگی هەڵمەتا ئەمرد
کە هاواری، کاروانی ڕێی، ڕوو لەلووتکەی بەرز
لەناخەوە لەشی دنیای ئەهێنایە لەرز
کە تریفەی مانگەشەوی پاش ڕۆژی کوشتار
بەهێمنی ئەنیشتە سەر خامۆشی ناو شار
کە «پیرەمێرد» کڵپەی شیعری لەسەر یارە دا
لەدڕکەزی ڕق و کینەی دوژمن بەرئەدا
کە «بێکەس»ی بیر ڕووناکی نەبەرد و ئازا
پشکۆی شیعری بەناو دڵی ڕەشا ئەچزا
ئێمە و باوکیش، هێشتا لەناو، پشتی ژینا بووین
لەدەروونی، ونی دنیا و، ڕێی نەبینا بووین
کە ئەرخەوان، لەناو بەفرا، چاوی بەهاری
هەڵئەهێنا، بۆ شەهیدی، ناو کوردەواریی
کە خۆری دەم.. زامی شەبەق لەکەژ و هەردا
لەخوێن چەپکی گوڵی ئەکرد، بەیەخەی کورددا.
بەبۆنەی ڕاپەڕینەکەی ٦ی ئەیلولی ١٩٣٠، بۆ هاوتەمەنەکانم، پێشکەشە..

پەراوێز edit