هۆنراوەکانم پەپوولەن
بەشوێن وشەی دڵا ئەفڕن
گەرا، لە ناو گیانا ئەخەن
لە دەروونا، وچان ئەگرن.
***
ئاوێنەی پرشنگی ئاسۆن
گزنگی دەمەو بەیانن.
شەونمی سەر پێڵوی چرۆن
شنەی هەواری کوێستانن
***
چاویان شینە وەکو ساماڵ
وەک ئەستێرە ئەجریوێنن.
دڵیان پاکە وەکوو مناڵ
بۆ تەنیایی، خەم ڕەوێنن.
***
مانگە شەوی ناو خەیاڵن
بریسکەی بەفری سەر لووتکەن.
نێرگزی نەورۆزی ساڵن
وردو درشت، دڵخۆش ئەکەن
***
زەردەی ئێوارەی بەهارن.
کزەی شەماڵی هاوینن.
وردە شەپۆلی ڕوبارن.
تریفەی سەر گۆمی شینن.
***
پشکۆی ئاگری زستانن
هێشوی سەرلقی ناو ڕەزن.
هاژەی چەمی دارستانن
پەلکە زێڕینەی پاییزن
***
هاودەمی جوانی پەرستن.
کامی گیانی خۆشەویستین.
تەزووی حەزی هۆش و هەست.
لەلانەی ئاواتا ئەژین.
***
هەڵبەستەکانم باوەڕن
نائومێدی و خەم ئەنێژن
ڕێی تاریکیی ژیان ئەبڕن
بۆ ئازادی، خوێن ئەڕێژن.
***
مەشخەڵی دەست جەنگاوەرن
بەڵێنی ڕێی کۆڵنەدانن
لوولەی تفەنگی سەنگەرن
سرودی دەم شەهیدانن.
***
ناڵەی دەرونی هەژارن
کسپەی دایکی سک سووتاون
بازووی کوردی کرێکارن
هۆرەی دوای جووتی جوتیارن.
***
گەلێ جاریش، پەستن، ئەگرین
هۆن هۆن فرمێسک هەڵئەڕێژن
گوڵی گەشاوە پێش وەرین
بەدەستی خەفەت، ئەنێژن
***
یان بڵێسەو کڵپەو گڕی
گیانی خۆ بەختکەرانن
هۆنراوەکانم، هۆگری
چاو و دەمی کچی جوانن
***
قژی زەرد و کوڵمی گەشن
تامی ماچ و چرپەی ڕازن
لێوی قووت و نیگای ڕەشن
خۆزگەی یار و لەنجەی نازن.
***
هەڵبەستەکانم، سنووریان
نییەو سەربەست یەن و ئەچن
هەموو دونیا، هەموو ژیان
لە باوەشی خۆیان ئەگرن.