ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
لەباتی نێرگز چەپکە هەڵبەستی
سۆزی دەروونم ئەکەم بەدیاریی
بۆ ئەو کەسانەی کە خۆشەویستیی
گیانیان ئەبەخشن بەکوردەواریی
***
لەباتی ئاگر بەپشکۆی وشەی
زمانم، نەورۆز هەڵئەگیرسێنم
لەباتی درەخت ئەم شەوە ڕەشەی
ناکۆکیی کوردی تیا ئەسووتێنم.
***
ئەو دڕک و چقڵەی ئەمساڵ چەقینە
پەڕەی گوڵاڵەی جەژنی نەورۆزم
ئەو فرمێسکانەی ئەمساڵ پەڕینە
چاوی هەزاران کوردی دڵسۆزم
***
ئەو هەنسکانەی لەقوڕگی شاخا
پەنگیان خواردەوە بوون بەهەڵمی خەم
ئەو ساوایانەی لەکۆشی داخا.
مەمکی بێشێریان خرایە سەر دەم
***
گووناهیان ئەستۆی ئەوانە ئەگرێ
کە بوونە زستان بۆ نەورۆزەکەم
دەستێ فرمێسکی ئازارم ناسڕێ
سووربووبێ بەخوێن، خوێنی هۆزەکەم.
***
بەڵام کام ناپاک توانی شاڵاوی،
پڵنگی تۆڵەم ڕابوەستێنێ.
یان کام ئەژدەهاک توانی گەرداوی
دەریای هەڵچوونم تیا بسرەوێنێ.
***
تا لووتکەی سپی، ڕێچکەی قەترە خوێن.
ڕژاوە بەڕێی دیاری خەباتا
بۆیە گوڵاڵەم لەوێدا ئەڕوێن
تا دیار بن لەناو باخی ئاواتا.
***
ئاگری کەژی جەژنی شانازیی
بەفوارەی خوێنم خۆش بووە ئەمڕۆ
بۆیە ئاوازی بەستەی ئازادیی
بەهەزاران دڵ نۆش بووە ئەمڕۆ
***
چەکووشی مەڵاس لەدەستی زبرا
چیرۆکی هێزی ئەو برسیانەیە
لەش ئەتوێننەوە لەناو ئاگرا
«کاوە»م نموونەی ئەو داستانەیە.
***
کاوەی سەردەستەی چەوساوەی مێژووم
ئەو بانگەی کە دای لەلووتکەی بەرزا
بۆ نەوەی کوردی ئەمڕۆ و داهاتووم
دەنگ ئەداتەوە لەگەڵ نەورۆزا.
***
ڕەش و ڕووتی کورد ئارەقی ڕەنجیان
کردە سەر زەوی تینووی وڵاتم
ئەوسا دروێنەی سەختی تێکۆشان
بوو بەخەرمانی بەرهەمی مارتم
دیاریی نەورۆزی ١٩٦٧

پەراوێز edit