شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: تریفەی ھەڵبەست سەرناو: وشەی پشکۆ سەبارەت: دیاریی نەورۆزی ١٩٦٧ لەباتی نێرگز چەپکە هەڵبەستی سۆزی دەروونم ئەکەم بەدیاریی بۆ ئەو کەسانەی کە خۆشەویستیی گیانیان ئەبەخشن بەکوردەواریی *** لەباتی ئاگر بەپشکۆی وشەی زمانم، نەورۆز هەڵئەگیرسێنم لەباتی درەخت ئەم شەوە ڕەشەی ناکۆکیی کوردی تیا ئەسووتێنم. *** ئەو دڕک و چقڵەی ئەمساڵ چەقینە پەڕەی گوڵاڵەی جەژنی نەورۆزم ئەو فرمێسکانەی ئەمساڵ پەڕینە چاوی هەزاران کوردی دڵسۆزم *** ئەو هەنسکانەی لەقوڕگی شاخا پەنگیان خواردەوە بوون بەهەڵمی خەم ئەو ساوایانەی لەکۆشی داخا. مەمکی بێشێریان خرایە سەر دەم *** گووناهیان ئەستۆی ئەوانە ئەگرێ کە بوونە زستان بۆ نەورۆزەکەم دەستێ فرمێسکی ئازارم ناسڕێ سووربووبێ بەخوێن، خوێنی هۆزەکەم. *** بەڵام کام ناپاک توانی شاڵاوی، پڵنگی تۆڵەم ڕابوەستێنێ. یان کام ئەژدەهاک توانی گەرداوی دەریای هەڵچوونم تیا بسرەوێنێ. *** تا لووتکەی سپی، ڕێچکەی قەترە خوێن. ڕژاوە بەڕێی دیاری خەباتا بۆیە گوڵاڵەم لەوێدا ئەڕوێن تا دیار بن لەناو باخی ئاواتا. *** ئاگری کەژی جەژنی شانازیی بەفوارەی خوێنم خۆش بووە ئەمڕۆ بۆیە ئاوازی بەستەی ئازادیی بەهەزاران دڵ نۆش بووە ئەمڕۆ *** چەکووشی مەڵاس لەدەستی زبرا چیرۆکی هێزی ئەو برسیانەیە لەش ئەتوێننەوە لەناو ئاگرا «کاوە»م نموونەی ئەو داستانەیە. *** کاوەی سەردەستەی چەوساوەی مێژووم ئەو بانگەی کە دای لەلووتکەی بەرزا بۆ نەوەی کوردی ئەمڕۆ و داهاتووم دەنگ ئەداتەوە لەگەڵ نەورۆزا. *** ڕەش و ڕووتی کورد ئارەقی ڕەنجیان کردە سەر زەوی تینووی وڵاتم ئەوسا دروێنەی سەختی تێکۆشان بوو بەخەرمانی بەرهەمی مارتم ++++++++++++++++++++++