ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
برای مرۆڤ، منی درەخت، هەتاکوو ئەمرم
بەری خۆشیی و بەختیاریی بۆ ئێوە ئەگرم:
بۆ هەر وەرزێ، بۆ هەر پلەی تەمەنێ کە دێ
جۆرێ تام و جۆرێ سوودی خۆمتان ئەدەمێ
لەکڕێوە و سەرما و سۆڵەی سەختی زستانا
کەڵەپشکۆی، ئاگردانم، لەناو ماڵانا
تینی گەرمام، کڵپەی گڕی زوقم ڕەوێنم
بۆ چیرۆکی داپیرە گیان هەرخۆم هەوێنم
هەر منیشم، ئاگری نەورۆز دائەگیرسێنم
مژدەی بەهار، بەگوێتانا زوو ئەچرپێنم
لەژێر سایەی دڵنیایی مندایە دڵدار
سکاڵاکەی هەڵ ئەڕێژێ بێترسی بەدکار
بۆ دیلانێی، منداڵانتان، پەت لەمل ئەخەم
لەگەڵیانا یەم و ئەچم دڵخۆشیان ئەکەم
خۆشەویستی کوڕی لادێ و، کیژی ناو شارم
چەپکی دڵخواز، مایەی شادی خاڵەی جوتیارم
قرچەی گەرماش، سێبەرێکم، ڕێی هەتاو ئەگرم
ئارەقی پاش، هیلاک بوونی، ماندوێتی ئەسڕم
من کۆڵەکەی خانوو بەرەی، ژووری ژیانتم
گوڵی دەست و، دەرگای کونجت و، چرای گیانتم
تا تەورەکەت جێدەستەکەی، تا کەشتیت منم!
کە بوویت لانکم، کە مردیشیت، تەختەی شتنتم
قەڵەمی بیر، گاڵۆکی شوان، مێزی خوێندنم
بۆ شەوگاری پشوودانت، تەختی نووستنم!
نزای منیش، پاڕانەوەی ڕوو لەئێوەنان
هەر ئەوەیە هەڵی مەبڕن بۆم دەستی تاوان
مەیبڕنەوە، چڵ و لق و پۆپم، مەشکێنن
توخوا ئەگەر، گەشەی ژینم، لێ بشێوێنن!

پەراوێز edit