ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس تریفەی ھەڵبەست
٢١. منداڵە سووتاوەکە
١
ئەی مناڵانی خۆشەویست!
هەواڵێکی غەمگینم بیست
دڵی پڕ کردم لەتاسە
پێی هەڵکێشام زۆر هەناسە.
بزەی سەر لێوی تۆرانم
خەمی هێنا بەمیوانم
تەرانی گەشەی دەروونم
لێڵی کرد سەرچاوەی ڕوونم
هەستی بەزەیی جوڵانم
هۆشی شیعری خرۆشانم
لێوی ڕقی پێ کرۆشتم
فرمێسکی گەلێ پێ ڕشتم.
ئەی منداڵانی خۆشەویست
هەواڵێکی غەمگینم بیست.
ئەی مناڵان گوێ گرن لێم
ئەو هەواڵەتان پێ بڵێم:
بەڵام من ئەمەوێ لێتان
کە گردبوونەوە هەمووتان
یەک لەلای یەک بیڵێنەوە.
لەگەڕەکا بیگێڕنەوە
لەبیرتان قەت نەچێتەوە
لەدەروونتان نەبێتەوە
ئەی منداڵانی خۆشەویست
وا پێتان ئەڵێم کە چیم بیست:
٢
گوندێ هەبوو لەپاڵ شاخا
لەناو کۆشی ڕەز و باخا
ئەوەندە جوان بوو کە جوانیی
دنیا بوو بوو بەمیوانی
ئەم دێیە چەندە بچوک بوو
سەد ئەوەندە ئێسکی سووک بوو
لەکەژاوەی خەوی خۆشیی
بەهەشتا بادەی ئەنۆشیی
بووکێ بوو کەوا کردگار
خواست بووی بۆ زاوای بەهار.
مژدەیەک بوو کە بەختی خۆش
وەکوو ساوا ئەیگریتە کۆش.
ئارامێ بوو کە بەگیانی
نۆش کرا بوو شادمانی.
ئاوازەیەک بوو گەرووی ژین
هێنابوویە سەر هەڵقوڵین.
پەپوولەیەک بوو، دڵنییا
لەباخچەی نیازا ئەژییا
بزەی لێوێ بوو کە سروشت
گوڵاوی نازی پێ ئەڕشت.
٣
ڕۆژێ لەکاتێکا ژیان
تازە خەریک بوو، بۆ بەیان
بتروکێنێ پێڵوی چاوی
بۆ گزنگی نوێی هەتاویی.
تازە خەریک بوو بەمەستی
سەرخۆش بێ بۆ خۆشەویستیی
گۆرانی بڵێ بۆ ژیان
بۆ ڕووناکی ئاسۆی بەیان
وەکو جارانی ئاوازە..
بگاتە گوێی دنیای تازە
لەپڕ خۆرپەیەک کوت وپڕ
بوو بەهەناسەی سارد و سڕ
لەپڕ شاڵاوی گورگی ڕەش
تارمایی خستە ئاسۆی گەش
کەڵبەی گیر کرد لەتەوقی سەر
ڕانەمەڕی دێی دایە بەر
کەوتنە لوورە بۆ پەلامار
ڕۆژی دێ بوو بەشەوی تار
ئاوی ڕوونی کانیی لێڵ بوو
بەدوای خەمی دێدا وێڵ بوو
لقی درەخت شکایەوە
تازە چرۆ.. پووکایەوە
دوکەڵی ڕەشی قەترانیی
هەڵسا لەشوێنی وێرانیی
ئاسمانی سەر وەک شەوەزەنگ
ڕەش داگیرسا مات و دڵتەنگ
جووجەڵەی وردی کولانە
کەوتنە ژێر ئەو کەڵبە و دانە
خوێناوی ناو ژووری ڕوخاو
جۆگەلەی بەست وەکو پەنگاو
ئەی منداڵانی خۆشەویست
ئەم دێیە فرمێسکی زۆر ڕشت!
ئەوی جێما لەوێرانە
مناڵێ بوو سێ ساڵانە
باوکی لەساڵێ زیاترە
دەروونی پڕ لەئاگرە
دەمێکە ئەو وا بەڕێوە
دوورە لەئاوایی دێ وە
کە ئەمانی جێهێشت.. تەنیا
ئیتر ڕووی کردە سەر چیا
بۆ ڕاوی گورگی دڕندە
ئەو گورگانەی کە بەم گوندە
دەمێکە تینووی خوێناون
برسی ناوەختی شاڵاون
لەو گورگانەی زۆر هەڵبڕی
ورگی گەلێکی هەڵدڕی.
٤
گەرووی گڕی شاڵاو هێنەر
تەشەنەی کرد بۆ دەشت و دەر
دارستانی چڕی ناو دێ
تا بێ ئاگر لەخۆی ئەگرێ
پووشی دەوری ئاوی لیخن
ئەڵقەی پشکۆی چۆتە گەردن.
مناڵێ تەنیا جێماوی تەنیا
چاوێکی هەروا لەچیا
بەڵام بێ سوود چاوەڕوانیی
ئەوا گڕ شاڵاوی هانیی
منداڵی تەنیای بەسەزمان
کەوتە هاوار، کەوتە گریان
چاوی ئەگێڕا.. ئەترسا
تۆزێ ئەڕۆشت و ئەوەستا
ناسیاوێ نەبو بیگاتێ
پەلی ڕزگاربوونی باتێ
کەوتە بەر جەزرەبەی سزا
پشکۆ بەلەشیا ئەچزا
بەهەنسکی قوڵپی گریان
هاواری کرد لە گورگەکان:
«من مناڵم دەرم بێنن
توخوا ئەگەر بمسوتێنن»
بەڵام گورگی کۆنە دوژمن
گوێی نەدایە هاوار کردن
زانی مناڵی ئەم دێیە
گۆشی کام باوەڕ و جێیە!
قرچە قرچی پێستی سووتاو
دڵی بەردی ئەکرد بە ئاو
سووتا مناڵ و ڕەش بۆوە
پێست لەئێسقانی جوێ بۆوە.
٥
ئەی منداڵانی خۆشەویست
ئەم دێیە سەرشۆڕی نەویست.
لەوپەڕ لە لوتکەی شاخەوە
لەدەروونی پڕ داخەوە
لەلانەی شێری دڕەوە
لەدارستانی چڕەوە
لەپەنا دار و بەردەوە
هاتنە دەرێ خەنجەر بەدەست
لەدەوری دێ ئەڵقەیان بەست
بەکینەیەکی سەختەوە
گوڕی تۆڵەیان بەستەوە
خستیانە سەر دەس دڵ و گیان
خوێنی لەشیان کەوتە جمان
وتیان: یا ژین یا مردن
بۆ گورگی ڕەش لەناوبردن
وتیان: گورگی ڕەش مەحاڵە
خوێنی ون بێ ئەو مناڵە
وتیان: ڕۆڵەی ئەم دێ و خاکە
لەهەڕەشەتان بێ باکە
بەهەڵمەتی چاو نەترسە
لەمردن هەرگیز نەپرسە
ئەی منداڵانی خۆشەویست
ئەم دێیە سەرشۆڕی نەویست.
ئەی مناڵانی خۆشەویست
دنیا ئەم بەسەرهاتەی بیست
بیستیان دێیە بەبازووی خۆی
کەوتۆتە جەنگی ڕۆژی نوێی
ئەی مناڵانی کوردزمان
دەنگی ئەو مناڵەی بیستتان
نەکەن لەبیری بەرنەوە
لەدڵتانی دوورخەنەوە
هاوڕێیەکتانە.. ژیان
کردی بەتۆماری داستان
بوو بەسرودێ کە ئاوات
بانگی سەربەرزی تیا بدات
هەتا بێ گڕی خۆش ئەبێ
بڵێسەکەی بەجۆش ئەبێ
دەریای دنیای بکەیتە سەر
بەکڵپەیە ئاگری هەر
ڕوناکی ئەدا بەژیان
بە ئاسۆی ئاواتی بەیان
بەم وڵاتەی کە سەربەرزی
بەخوێن کڕی و قەت نەبەزی
ئەی منداڵانی خۆشەویست
بۆم گێڕانەوە کە چیم بیست.

پەراوێز edit