ئەی دەروونی ناو گێژاوی دەریای دڵ تەنگی
ئەی کسپەکەی، خەم خۆرەوەی، دنیای بێدەنگی
ئەی ئاوارەی، گۆشەگیری، گۆشەی کۆنی خەم
ئەی تارمایی، بێتروسکەی تاساوی ماتەم
تاکەی هەروا لەبەر دەرگای ماڵی مەینەتا
دەستە وئەژنۆ دائەنیشی، لەگەڵ خەفەتا؟
تاکەی تەمەن ئەبەیتە ناو، وەرزی وشکەوە
تاکەی هیوام ئەخەیتە ناو، داوی شکەوە؟
تاکەی لەشوێن کەلاوەکەی پەپووی ناسۆریی
جێنیشتەبی، تاکەی بەرگی، پایز ناگۆڕی؟
دە پێم بڵێ، ئەی دەم بەقفڵی ژەنگ داخراو
ئەی دڵ تینوو، شنەی زەردەخەنە لێ تۆراو!
دە پێم بڵێ بۆچ لەئاستی، پرسیاری ڕوونا
گرژ ئەکەی ڕوو، لەژێر هەوری، پەستی زەبوونا؟
دە پێم بڵێ، بۆ چ هەر ئەبێ، ڕووخساری ژیان
لەچوارچێوەی، تەنگو وتارا، پێم بدەی نیشان؟
بۆچ هەر ئەبێ، دەستی لەرزۆک، بۆ چەنەی ماتی
سەرنجی وێڵ، بگرمە ڕێی، ڕەش و نەهاتیی؟
بۆچ هەر ئەبێ، لەچاوی خەم، فرمێسک هەڵڕێژم
ئەم تەمەنەم وا بەکاڵی بۆ تۆ بنێژم؟
هەتا شل بوو ئەژنۆی مەراق ڕۆیشتی و گەڕای
کام قوژبنی، ژیان تاریک بوو تیایا خزای
کام ئاوازە، ناکام و پەست بوو گوێت بۆ ڕاگرت
کام هەواڵ کە پەڕەی ژاکاو بوو ڕێگەت پێگرت
کام دڵ کە قاڵی ئەندێشە بوو پەنات بۆ برد
چەند پایزی، کوێرەوەریت، بینی و بەڕێ کرد
چەند دراوسێی کۆن و تازەی هاودەردت ناسی
چەند ڕۆژگارت بە تەنافی شەوا هەڵواسی
چەند گوڵاڵەی نەوبەهاری ئاواتت وەران
چەندە بزەی دڵنیایت لە ژیان تەران
چەند ئاهەنگت، هەروا گۆڕێوە بۆ تەنیایی
چەند هەڵوێستی شادمانیت دا بە خۆڕایی
دەپێم بڵێ ئەی دەرونی خەڵوەتی ناکام
چاو بەستراوی ڕێگە وون بوو واق وڕی سەرسام
ئەی لەپاشا کوا بەرهەمی تەمەن کوا ئەنجام
کوا گەنجێتی؟ کوانێ گەشەی شادی بۆ هیوام
کوانێ بەری تۆوی ساڵی چێنراوی ڕۆشتوم؟
کوا تریفەی مانگی عومری ئێستاکە ون بووم!
کوا ڕۆژانی هەرزەکاریی گوڕی جارانم؟
کوا خوێن گەرمیی و تین و جۆشی دەمارەکانم؟
کوا پاشە ڕۆژ بە پرشنگی ئاوات ڕوناک بوو؟
دەپێم بڵێ ئەو سەردەمە بوونی تۆ چی بوو؟
غەیرەز بەوەی بە پاچی خەم گردی ژیانم
هەڵکەنی تیا گۆڕستانی مردووی ڕۆژانم
دەبا ئیتر ئەی دەرونی پیرەمێردی خەم
ڕوو وەرگێڕی بۆ بەهاری لاوێتی تاسەم
دەبا ئیتر ئەو چەند ڕۆژەی ماوە لە تەمەن
بەشەرابی بەختیاری خۆیان سەرخۆش کەن!
دەبا ئیتر بیبڕیتەوە ناڵەی ناسۆریی
ئەم زستانەم بە نەورۆزی تازە بگۆڕی!