ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
پەنجە دزرا
ئەم قاچ بەو قاچی نەزانی و
ڕێگە دزرا
ئەم چاو بەو چاوی نەزانی و
سەرنج دزرا
ئەم باڵ بەو باڵی نەزانی و
فڕین دزرا
سارومارە سارومارە
ئەم دیرۆکی دەسەڵاتی سەرزەمینە و
بۆنی دەمی درۆکانی ئەم ڕۆژگارە!

لەسەر جادەی سەهۆڵەکە ڕاوەستاوم
بەڵام دڵم وا لە ناو مشتی 'با'یەکا
هێواش هێواش لە گۆیژەوە دێتە خوارێ و
سووتووی جەستەی ژنێک دێنێ و
لەبەر لووتی نیشتیمانا فوویەک لە سووتووەکە ئەکا و
ئینجا ئەڵێ
یادگارێ بۆ سەروەریت
هەر وەستاوم و
بەڵام ڕۆحم خۆی بە تاڵی بارانێکا هەڵواسیوە
هەر لە تاڵەقژی دایکم و خوشکەکانم و
لە نەسڵی مووی پایزێکی بێوەژنی کۆڵانەکەی ئێمە ئەچێ
ڕاوەستاوم
بەڵام چاوم کەوتۆتە ناو ئەو جامەوە
کە ژنێکی دەروەزەکەر لەبەر پێی خۆیا دیناوە و
ناوبەناوێ زرنگەیێک لە ناو جامەکا هەڵەسێ و
لێرەیشەوە لەگەڵ ئەوا چاوی منیش دائەچڵەکێ
شەو باش!

شەو باش!
من ناوم کراسی ژنانەیە
ئەوەی نیشتیمان پێی شەرمە بیکاتە بەری خۆی منم!
ئەم مێژووی نێرە
ئەم نیشتیمانی سمێڵە
تەنها جارێ منی نەکردە بەر هەتاوێ
بەر جۆگە ئاوێ
بەر شووشە گوڵاوێ
ئەوانەی منیان لە بەر کرد:
گسک بوون و مەنجەڵ بوون و تەنەکەی خۆڵ
ئەوانەی منیان کردە بەر:
بەژنی درێژی غەریبی و بەژنی تەنیایی و ئازار بوون
ئەوانەی منی پێ بەخشین
هەر بێدەنگی و قفڵ و تێڵا و
شریخەکانی قامچی و
جل و بەرگی دەردەدار بوون
من ناوم کراسی ژنانەیە
ئەوەی ئاگای لە من نەبێ و
گوێی لە هاواری من نەبێ
گوێچکەی تەپی نیشتیمانە!
من مێینەم!
من سەراپا هەموو جەستەم لە گوناه و پرسیاری ڕووتی حەرام پێکهاتووە!
لە یەکەم ڕۆژی بوونمەوە بەردی ڕەجم لە قوماتمەوە پێچراوە و نیشتیمان تفم لێ ئەکات!


لەسەر جادەی سەهۆڵەکە ڕاوەستاوم
لەپڕێکا نیشتیمان بە خۆی و کڵاوی ئاڵاکەیەوە
بە خۆی و ڕێکلامی ڕیش و سمێڵ و
ئارمی پۆپرەی نێرێتییەوە
بە خۆی و مەدالیای پڕهەڕەشەی سەر سنگییەوە
بە خۆی و شمشێرەکەی ئەی ڕەقیبەوە
بە پەڕی گیڤ و مەغرووری تاوسییەوە
کۆمەڵێ چەکداری چاوزەق چاوزەق لە پشتییەوە
سنگ دەرپەڕیو
دێتە لام و بە دوو پەنجە تەوقەیێکم لەگەڵ ئەکات و
دەس ئەکا بە ئەرشیڤی فەخر لێ نیشتووی باخەڵیا
سی-دی سروودێکی تازەی ئەم ڕۆژگارەیم ئەداتێ
ئمجا زەردەخەنێیێک لە جۆری زەردەخەنەی سیمی*؟؟؟ دەسکرد ئەیگرێ وەک پێم بڵێ
من نیشتیمانی تاقانەی هەموو دنیام
ئەوسا ئەڕوا و بەجێم دێڵێ

ئەم کاتەو باش!
منیش هاتووم
من جوانوویەکی بێکارم
خەڵکی کەرکووکم
کوڕی نەوت و گازم و
کوڕی ئەو هەموو بۆری و چاڵانە
بەڵام ئەوەی بە ڕێکەوتیش نەیانبینم
ئەو باوکانەن
لەبەر ئەوەی بەردەوامیش ئەسووڕێمەوە
لە هەموو کەسێکی دی زیاتر نیشتیمان ئەبینم
بەڵام جەخار
هەموو حیلە و کوڕژنەکانم بە با چوون و
هەموو سمکۆڵەکانم گەرگەسان بوون و
ئەم نیشتیمانە پیرۆزە گوێی لێم نەبوو
ڕەشەبایش وتی
ئەو هەموو گڤە گڤەو هەر گوێی نەگرت
چەخماخە وتی
ئەو هەموو برووسکە و داگیرسان و دڕژانانەو هەر گوێی نەگرت
نووسین: ئاسۆ پیری

پەراوێز edit