ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس ئێستا کچێک نیشتمانمە
٣٦. لەوێدا بژیم و بمرم.
لەوێدا بژیم و بمرم.
بێزار بێزار بێزار بووم. لەو هەموو تیغەی
سەربڕین.
لەو هەموو ڕەشەبای ڕقە. لەو هەموو دارستانی
تۆڵەیە. بێزارم بێزار لەو هەموو حیکایەتە ژەنگ

گرتووانەی کە هەر لە منداڵییەوە گوێیان
تەفرەدام.
چاویان لێ دزیم و
هەستیان بە سڕبوون سپاردم!
***
من چیم ئەویست لە نیشتمان
جگە لەوەی کە نانێک و کە کونجێکی
دڵنیایی و گیرفانێکی بەحورمەت و مشتێ
هەتاوی ئارام و بارانێکی خۆشەویستیی و
پەنجەرەیەکی کراوەی سەر ئازادی و عەشقم
باتێ.
من چیم ئەویست لەوە زیاترو نەیدامێ!
بۆیە ئیتر نیوە شەوێ
دەروازەکەیم شکاندو چوومە دەرێ
بە ئێجگاری چوومە دەرێ!
***
ئێوارەیەو لەسەر جادەی سەهۆڵەکە ڕاوەستاوم
نیشتمانی کۆن خەریکە دابچێت و ئاوا ببێ
تۆزێکی تر نیشتمانە تازەکەی خۆم
'ڕۆزانا' هەڵدێ و پێکەوە
وەک دوو پرسیاری نێرو مێی
تازەو تینوو
کەڵەگەتتر لە دروشم و لە منارەو
چون )با(ی بێباک لە دیوارو

لە جوگرافیای حەرام و
دیرۆکی ترس.
هەر دوو بە جووت
قۆڵ لە قۆڵی یەکتریدا
گوڵ بە دەم و
هەتاو لە چاو
سەر بەرەو ژوور ئەبینەوە
بۆ ئەو باخچەی عەشق و خەونەی
نە زەرد ئەبێ و
نە پیر ئەبێ و
نە ئەیشمرێ! __
نووسین: ئاسۆ پیری

پەراوێز edit