ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس ئێستا کچێک نیشتمانمە
٢. وا هات عاشقان! وا خۆی هات
وا هات عاشقان! وا خۆی هات
بە پۆشاکی گەڵاڕێزانەوە وا هات!
بە نۆزدە ساڵی زەردەوە
بە نۆزدە چرای تاریک و بە نۆزدە زامی سەوزەوە
لەگەڵ پەپوولە پاییزەی غەریباندا
بەڕێوەیە و دێ بۆ لاتان!
تکام وایە وەختێ گەیشتە بەردەمتان
تکام وایە
لە ناو ئاسمانی بیستنا
باڵندەی گوێتانی بەنێ!
لە چاوتانا تەماشاتان
گەش گەش هەڵکەن
دەسکەن بە سینەی خۆتانا و
لەگەڵ ماچی دیمانەدا
سێوی دڵتانی بۆ هەڵدەن!
ئەو قەسیدەی بای وەشتێکی برینداری
سەر شەقام و ناو ماڵەکانی خۆتانە
'با'یەکی ئێجگار دڵشکاو
بارانێکی نائۆمێد و
کتێبێکی بێزار لە زمانی خۆی و
ئەمە حیکایەتی غەدر و
شانۆنامەی ئاخاوتنی جووڵەی جەستە و
دەست و پەنجەی یەک بە یەکی هەمووتانە
وا هات عاشقان! وا خۆی هات
ئەم عاشقە لەگەڵ خۆیا
نیشتیمانی گوڵ و سووتوی هەڵگرتووە و
لەگەڵ خۆیدا دیرۆکێکی قوربانیتان بۆ دێنێتە ئەم هۆڵەوە
وا هات عاشقان! وا خۆی هات
من 'کامەران'م
یەکەم درۆی نووساو و بەرجەستە بە خۆمەوە ناوەکەمە!
هەر وەک ئەوەی 'دڕدۆنگ' ناوی
'دڵنیا' بێ و 'قاقر'یش ناوی 'دارستان'!
دیسانەوە
وەکوو دوێنێ و وەکوو پێرێ و پار و پێرار
ڕۆژێکی تری سواومە و
دیسانەوە
هەر خۆم سوغرەکێشی خۆمم و
بێواز بێواز
پاڵنان بە بێزاریمەوە بەردەوامە
دەمەو عەسرە و چون چڕ و چاوی نیشتیمان
هەوا گرژە گەڕەک مۆنە و
چەند 'هەزار'ێکی چرچ و لۆچ
لە گیرفانی پانتۆڵێکی غەمگینمایە و
ئەڵێی پشیلەی بەر گەرمای بێتاقەتم
خاو و خلیچک
لە ماڵەوە ئەچمە دەرێ
ڕۆژی سواو نە چرکەی لە خولەکی
گیر ئەبێ و نە خولەکی لە سەعات و
نە هیچ شتێکی پێوە بەند ئەبێ و
نە هیچ شتێکیش هەرگیز ئەتوانێ توندی بکاتەوە!
مانەوەیێکی بێهوودە و سووڕانەوەیێکی بێهوودە و
ونبوون لە ناو بۆشاییدا
لەم ڕۆژژمێرەی ئێستەدا
سەعات له ڕۆژ
هەفته له مانگ
مانگیش له ساڵ وەڕس بووه
من له خۆما له ناو خۆما ڕەنگم له ڕەنگم بێزارە و دەنگم له بوونم بێزارە
هەر لەم کۆڵانەی ئێمەدا دەرگا لە چوارچێوەی خۆی و شووشە لە پەنجەرەی خۆی و
سیلەی کۆڵان لە کۆڵان و کۆڵان لە دەر و دیوار بێزارە
بێتاقەتی لەتەکمایە و هەنگاو ئەنێ یان سێبەرمە یان هاوڕێ
وەختێ ئەگەمە ناو شاریش سەرنج ئەدەم
شۆستە لە شەقامی خۆی و وشە لە زمانی خۆی و نهۆم لە تەلاری خۆی و دوکان لە جامخانەی خۆی و
هەموو شتێ لە شتێکی خۆی بێزارە
لە ناو منا بێزاری هێند چڕبۆتەوە خۆم ئەبینم بێشەڵانم و گەڕاڵێکی ناو زماکم و تاڵێ هەتاو ناگاتە لام
من بە تەنها هەر تەماشای پەرت و پەرشی پایزانە و دوو دەستی پەنجە پەژموردە و دوو قاچی لە لەش وەڕسی سەر شەقامی ئێوارانێکی دووبارەی هەتا شەوی جادەی سەهۆڵەکەم هەیە و هیچی تر نە
ئەوەی هەموو ڕۆژ لای من کورت و کورتتر ئەبێتەوە هەر ژیانە
ئەوەی بەردەوامیش درێژ درێژ ئەبێتەوە سێبەری ژان و زیگاری خەمەکانە
لەم نەخشەیەدا بێزاری زەلکاوێکە و هەموو ڕۆژێ چەندین کەڕەت سەرمانی تیا نوقم ئەکەن
هەموو ڕۆژێ من ئەپرسم لە چی ئەچم! ؟
چێشتی ترشاو! ؟
تەنەکەی خۆڵ! ؟
زێرابی ماڵ! ؟
لە چی ئەچم! ؟
لە ئێستەدا وا هەست دەکەم من خۆڵ و پووش و پەڵاشی وەرزی نامۆیی خۆمم و ئاوێنەیێکی شکاوی ورد و خاشی بێهوودەیی و تەنیاییم و نیشتیمانیش وا ئەبینم بووە بە گسکێکی گەورە و هەموو ڕۆژێ لەبەر دەمی مێژوویەکی بی دەربەستدا گسکەم ئەیا
من گەنجێتیم ئەوەندە بێ ڕێز کراوە لە خەونیشا خۆم ئەبینم یان بووم بە تەیرێکی گول و یاخود بە مێش
وەڕسبوون چییە! ؟
دڵێکە لەشی خۆی ئافەرۆز کردووە یان مەلێکە هەموو ئاسمان لەبەر دەمیا بە قەد سەقفی قەفەسێکە
لەم ڕۆژژمێرەی ئێستەدا بە هەر شوێنێکا تێپەڕم بێزاری تارماییێکە و لەپڕێکا پەیدا ئەبێ و لەبەر دەمما ڕائەوەستێ
نووسین: ئاسۆ پیری

پەراوێز edit