ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس ئێستا کچێک نیشتمانمە
١٣. گزنگێکی ساوا وتی:
گزنگێکی ساوا وتی:
تۆ نیشتمان!
من نازانم ئەڵێن ڕۆژێک بووە جوان بووی
پڕبووی لە شەوبۆی گەنجێتی و ورشەورشی
خەوی بەفرو پڕبووی لە ئاوازی سپی و باڵی
پرشنگ بۆ هەڵفڕین. ئەڵێن ئەو ڕۆژەی
تۆ لەگەڵ ئازادیدا، قۆڵ لە قۆڵدا بە زریوەو
بریسکەوە،
هاتوونە ناو حەوشەی شەوی زیندانەکەی
ئەم شارەوە، کەس نەماوە ماچی دەست و ماچی
قاچ و خاک و خۆڵی ژێر پێڵاوی ئێوە نەکا!
نەونەمام و پیرەدارو پیرە بەردو گولی باخچەو
سنەوبەرو نۆتەی مۆسیقاو پەردەی شانۆو
قافییەی شیعرو شەپقەی چیرۆک و دەسەسڕی
سەرچۆپی و چوارچێوەی تابلۆو زەردەخەنەی
پەیکەرەکان و

پەپوولەو مێرولەو گۆچانی پیرەمێردەکان و سەرپۆشی
پیرێژنەکان و فڕفڕۆکەی منداڵان و بووکە شووشەکان و
شمشاڵەکانی شاخ و و گیتارەکانی شەقام و پرچی
کچەکانی زانکۆو بۆنی خۆشی گەڕەکەکان و بەشێک
مردووی سەر قەبرانیش لەگەڵیانداو لە پێشەوە
ڕەفیق حیلمی و
بێکەس و لە هەڵەبجەوە مەولەوی و
لە خاک و خۆڵەوە نالی و هەموو هاتوون بە پیرتەوە.
تۆو ڕاپەڕینیان هەڵکێشاوە لە گوڵاو بۆ شەویش
لە دڵیاندا دابەزیون و تا چەند ڕۆژێ هەر لەو
ماڵە ماونەتەوە.
من نازانم وەکو ئەڵێن موستیلەو بازنی خەونەکان،
ئەوەندە زۆربوون کچێ نەماوە ژنێ نەماوە
نەیانکردبێتە
دەست و پەنجەیان، هیواکان ئەوەندە جوان بوون،
ماڵ نەماوە بە تەنیشت گوڵەباخەکانەوە
نەیانڕوێنن.
من نازانم ئەڵێن تۆ لەو دەمەدا، ئەم پیاوە
گرژو مۆنەی ئەمڕۆ نەبووی، عاشقان خۆزگەیان بووە
لەناو پارکی ئازادیدا وێنەیەکت لەگەڵ بگرن. یان
دەستێک بکەنە ملت و ماچت بکەن. تۆ ئەو ڕۆژانە
لە شەبەقەوە تا بوولێڵ لەژێر چادری ئاوارەکانی
کەرکوکدا بوویت و ئەچوویتە ناو کۆڵانی
خەمەکانیانەوەو

لەبەر دەرگا لەگەڵیاندا دائەنیشتی و گۆرانیت
بۆ ئەوتن و بە سبەینێت ئەناساندن. وەکو ئەڵێن
تۆ ئەو سەردەمە ئەم پیاوە ناشیرینەی ئەمڕۆ
نەبووی.
ئا ئەم باخچە پاسفندەیە و
ئەم ئەلبوومە زشتە نەبووی. تۆ ئیستا
منداڵەکان
لێت ئەترسن. ژنەکان کە ئەتبینن دەرگای
ماڵەکانیان
دائەخەن. ئەگەر وا بڕوا تۆ ڕۆژێک بە تەنیا
ئەمریت و لەگەڵ دارە مەیتەکەتدا هەر ئەو
قاچاخچی و
دزانە ئەڕۆن کە خۆت کردنت بە میرو سەردار!
ئەو ڕۆژە لە سایەی گوڵی ژاڵەیەکدا
هەنگێکم بینی
لەسەر گەڵایەک پفیو پفیو
ئێجگار شەکەت ڕاکێشابوو
لێم پرسیی: ئەوە بۆچی وات لێهاتووە؟ !
بەبێ ئەوەی باڵ بجووڵێنێ، وتی: بڵێم
چی؟ !
ئەوەی ئەمساڵ کردم و ئەوەی کۆم کردەوە و ئەوەی پاڵاوتم،
کۆمەڵێ زەردەواڵە و زەردەزیڕەی چەکدار هاتن و
لە چاوترووکانێکدا هەر هەموویان خستە پشتی کوللەیەکی پیکابەوە و بردیان!
لەپێشدا چۆلەکەیەک وتی: بۆنێکی ئەوەندە ناخۆش دێت
سەردار بێ سەر ئەکات.
ئەو بۆنە ناخۆشە لەو درەختەوە دێت
درەختەکە وتی... نا لەو ماڵەوە دێت. ماڵەکەیش وتی نا نا
لەو کۆڵانەوە دێت
کۆڵانەکەیش وتی: نا نا لەو شەقامەوە دێت
شەقامەکەیش وتی لە شارەوە دێت
شاریش وتی نا نا
ئەوە بۆگەنی هەموو وڵاتە
وڵاتیش وتی: هەرگیز هەرگیز ئەو بۆگەنە لەڕاستیدا لە دەست و دەم و داوێنی ئەو کەساونەوە دێت کە درەخت و ماڵ و کۆڵان و شەقام و شار و وڵاتیان گشت دزی!
ئەی پیاوە بەردینە بێ وەفاکە
بەرامبەر سەری خۆت و
چاوی خۆت و بناری خۆت!
تۆ قەت ڕۆژێ نەهاتویتە ئەم ماڵی 'کامەران'ە
سەردانی خەم و هەناسەی ساردی دایکم و سەردانی
ژووری بەدبەختی خوشکەکانم بکەیت. تۆ ئاگات
لە مت و موورووی غەمگین و کراسی گریاویان نییە.
تەنها جارێ و بۆ ژەمێکیش پەتاتەیەکی کوڵاوو
چۆڕێ شۆربات لەگەڵ ئێمە نەخواردووە. تەنها
جارێک لەگەڵ ڕازی پێلاوی شڕی ئێمەدا نەدواوی و

مەراقێکی کون کونی ئێمەت نەداوە بە خۆتدا. سەرت
نەخستۆتە سەر بەردی سەرینێکی ئێمەو شەوێک
لەناو هۆدەی ئازارماندا نەنووستوویت و کەوچکێ
دەرمانت نەکردووە بە دەمی شەوێکی نەخۆشی
ئێمەدا. تۆ
چووزانی کرێچێتی چییەو ڕەنگی چۆنە! تۆ لەرزوتای
سکی خاڵیت نەگرتووە تووشی لەت و پەت بوونی
دەروون و پووکانەوەی هیوا نەبوویت. خۆبەستنەوە
بە تۆوە جۆرێکە لە خۆبەستنەوە بە سەرابەوە.
من وەک ئەو پیاوە غەریبانە ئەتناسم کە بەلامدا
تێئەپەڕن و لەوانەیە جارێکی دی هەرگیز
نەیانبینمەوە.
من پێناسەی تۆ بخەمە گیرفانەوە یان نەیخەم
نووسین: ئاسۆ پیری

پەراوێز edit