ئاڵەکۆک

کاکەی فەلاح add_a_photo
ئەی شارەکەم!
نازانم تۆ
تینووی خوێن و تاسەی منی
یان من تامەزرۆی خاکتم؟
بۆیە هەرچەن شەوی ژینم
لێ تاریک و شەوەزەنگ بێ
شیلەی تەمەنی شیرینم
لە خەما، پڕ ژار و ژەنگ بێ
خۆشەویستی نێوانمان
هیچ نایەوێ، لە تۆ دوور بم
هیچ نایەڵێ، وەک باڵدارێ
تەریوی ئەو دیو سنوور بم
***
ئەی شارەکەم!
کە لە شاعیرێکیان پرسی:
چۆنە عیشق و خۆشەویستی
پاریست کردۆتە خولیا؟ !
چۆنە وا نایگۆڕیتەوە
بە هەموو شارانی دنیا؟ !
لەبەر ئەوەی کە زیندووە
بزێو و سەر بە گێچەڵ و نەمر بووە
***
سلێمانی!
منیش لە ئاسۆی ناخەوە
بەگوێی تۆدا ئەچرپێنم تا بمێنم
خوێنم شاری وەک تۆی ئەوێ
دڵم یاری وەک تۆی ئەوێ
بلبلی سۆز و کەڵکەڵەم،
هەر بەهاری وەک تۆی ئەوێ
هەر هەواری وەک تۆی ئەوێ
١٩٨٧

پەراوێز edit