شاعیر: کاکەی فەلاح کتێب: دیوانی کاکەی فەلاح سەرناو: بۆ شارەکەم سەبارەت: ١٩٨٧ ئەی شارەکەم! نازانم تۆ تینووی خوێن و تاسەی منی یان من تامەزرۆی خاکتم؟ بۆیە هەرچەن شەوی ژینم لێ تاریک و شەوەزەنگ بێ شیلەی تەمەنی شیرینم لە خەما، پڕ ژار و ژەنگ بێ خۆشەویستی نێوانمان هیچ نایەوێ، لە تۆ دوور بم هیچ نایەڵێ، وەک باڵدارێ تەریوی ئەو دیو سنوور بم *** ئەی شارەکەم! کە لە شاعیرێکیان پرسی: چۆنە عیشق و خۆشەویستی پاریست کردۆتە خولیا؟ ! چۆنە وا نایگۆڕیتەوە بە هەموو شارانی دنیا؟ ! لەبەر ئەوەی کە زیندووە بزێو و سەر بە گێچەڵ و نەمر بووە *** سلێمانی! منیش لە ئاسۆی ناخەوە بەگوێی تۆدا ئەچرپێنم تا بمێنم خوێنم شاری وەک تۆی ئەوێ دڵم یاری وەک تۆی ئەوێ بلبلی سۆز و کەڵکەڵەم، هەر بەهاری وەک تۆی ئەوێ هەر هەواری وەک تۆی ئەوێ ++++++++++++++++++++++