ئاڵەکۆک

کاکەی فەلاح add_a_photo
١
دوێنێ کە ناوی ئەمڕۆ بوو
ئێستەی ژینی من و تۆ بوو
بەڵام چۆن هات، چۆن بەسەرچوو
تاڵ بوو، یان شیرین، لەبەر چوو
ڕۆیی نەما، وەک بەفری پار
بۆ ئەمڕۆ بوو بە یادگار
هەروەکوو بڵقێکی سەر ئاو
وردە شەپۆل ون بوو لە چاو
یان وەک پوشێکی بابردو
دایە پێش خۆی بای ڕابوردو
هەرچی هەبوو خۆزگەی بەهار
پێ شێل بوو بەپێی ڕۆژگار
هەر کەپەردەی دادایەوە
خۆشی لەگەڵ پێچایەوە
ڕۆیی پشتی کردە ئەمڕۆ
نایەتەوە بۆمن و تۆ
بۆ ئاسمانی دور لە مەبەست
باڵدارێ بوو بەربوو لەدەست
تەنهائەوەی لێی بەجێ ما
پەند و یادە کە بەجێ ما
٢
ئەمڕۆ کەزادەی دوێنێیە
ڕێگای بەرەو سبەینێیە
هەر لەبەرئەوەی ئێستایە
تەمەنێکە و لە دەستایە
ئەبێ ئەو ڕەنجە درابێ
باخچەی وەک دوێنێ نەمابێ
گوڵەکانی بۆن خۆش تر بن
مەلەکانی دڵ خۆش تر بن
دووربێ لە دڕک و داڵی خەم
دای نەپۆشێ ئاسمانی تەم
ئەبێ هەنگاو نانی دوێنێ
بەئەمڕۆی دابێ ڕێگە و شوێنێ
باخچەی ژین ڕازاوە تر بێ
گەڵا و گوڵ گەشاوە تر بێ
سایە گەورە و سێبەر خەست بێ
هیوا پر پێستی مەبەست بێ
ئەبێ تۆوی زەوی دوێنێ
ئەمڕۆ خۆشی لێ ببینێ
ئەمڕۆش گزنگی ژیانی
ڕووناکی بابە بەیانی
١٩٦٤

پەراوێز edit