ئاڵەکۆک

کاکەی فەلاح add_a_photo
کاکەی فەلاح دیوانی کاکەی فەلاح
٤٠. جەژنی دوو جەژنە
لەگەڵ دوا کۆچی ڕۆژانی تۆفی چلەی زستانا
گوڵێ هاتە دەر، گوڵی ڕۆژی نوێ، لە کوردستانا
هەوری مەینەتی لە ڕووی ئاسمانی کورد ڕەوایەوە
بە بۆنی خۆشی، مژدەی نەورۆزی ئەشنایەوە
لەگەڵ دەرچوونی گزنگی خۆری دەمەو بەهارا
لە کێوی خوێن و فرمێسک و نرکە و ناڵە و هاوارا
سەهۆڵ بەندانی کوشتاری سەخت و شەڕ تووایەوە
گوڵاڵە سوورەی ئاشتی و برایی وا گەشایەوە
وا لەگەڵ بزەی لێوی ناسکی خونچە و چرۆدا
تیشکی پیرۆزی ڕۆژێ هاتە دەر لەدەم ئاسۆدا
لە باخچەی هەر وەک بەهەشتی جوان و خۆشی وڵاتا
گوڵی ئاواتی کرد بەسەر سنگی ڕۆڵەی خەباتا
لەگەڵ هاتنی نەورۆزی تازەی ساڵی حەفتادا
مەشخەڵی جەژنی دوو جەژنە لەسەر لوتکەی چیادا
هەزاران هەزار زستانی ماتەم پشتی شکاوە
بەرز ئەبێتەوە و شاد ئەکا گیانی شۆڕشی کاوە
لەگەڵ شەبەقی ڕۆژی بێ شەوی یانزەی ئازارا
کام برین؟ ئەوەی ئەکولایەوە لە خوێی ئازارا
هەزاران هەزار برینی ناسۆر دەروون ساڕێژ بوو
کام ئازار؟ ئەوەی شەوگاری ناڵەی دور و درێژ بوو
لەگەڵ وەرینی شەونمی لق و پۆپی درەختا
وشک بوو نەما بۆی دەرچوو لەگەڵ شەوگاری سەختا
فرمێسکی چاوی پیرەدایکی تاقانە کوژراو
هەر کە دی ئەمساڵ وا هاتۆتە بەر نەمامی نێژراو
لەگەڵ جریوەی پۆلە چۆلەکەی دەمەو بەیانا
زەردەخەنەی لێو سەرکەوت بەسەر قوڵپی گریانا
هەنیسکی گەرمی ساوای بێ نازی بێ باوک نەما
شەپۆلی هێزی ڕووناکیش بەسەر شەوی ماتەما
مژدە بێ لە تۆ ئەی خوێنی ئاڵی جوانە مەرگەکان!
بە فیڕۆ نەچووی بەخت کراوی ڕێی بەجەرگەکان!
کە وا لاپەڕەی داستانی مێژوو بە تۆ نووسراوە
پیتی پیرۆزی «نەورۆز و شادی» بە تۆ نەخشاوە
مژدە بێ لە تۆ ئەی گیانی کاوەی ئەژدەهاک شکێن!
ئاڵای شانازی و جەژنی نەورۆزی بە شەماڵ شەکێن
بڵێسە و گڕی ئاگرەکەی تۆ مەشخەڵی بەرزە
دەنگ ئەداتەوە لە هەموو شوێنێ، لەسەر ئەم ئەرزە
مژدە بێ لە تۆ ئەی گیانی بەرزی شاعیرانی کورد!
هاتە دی خۆزگە و خەوتان بە ڕۆژی شادمانی کورد
ئەوانەی گرێی قورسی کفنتان پەژارە و خەم بوو
بەروبووی تۆوی بیری ڕۆشنتان جەژنی بەرهەم بوو
جەژنی نەورۆز و ئاشتی و برایی و یەکێتی گەلە
ڕۆژی هەڵۆیە و هاژەی باڵەکەی، نەک قیڕەی قەلە
شایی میللەتە و شیوەنی دەستەی دوژمنی ناپاک
ڕۆژی کاوەیە، نەک ئەهریمەن و نەوەی ئەژدەهاک
بەو مەرجەی کە وا کاروانی خەبات زۆر بە وریایی
تا سەر بە خۆشی و بە پێشکەوتن و بە دڵنیایی
سەرکەوێ بەسەر قۆرت و تەگەرەی ڕیی سەرکەوتنا
هەنگاو هەڵێنێ بەسەر سەردڵ و جەرگی دوژمنا

پەراوێز edit