برا! پیرۆز بێ ڕەنجی پیرۆزت
لەگەڵ هەستەکەی بەرز و دڵسۆزت
ئەم کەشکۆڵەی تۆ گەنجینەی بیرە
بەرهەمی مێشکی پیاوانی ژیرە
دیوانی شیعری وێژەوانانە
هی ئەو دەستەیەی لەسەر چاوانە
ئەوانەی ئەژین لە ناو هەناوا
لە گۆشەی دڵ و گلێنەی چاوا
ئەوانەی کەوا هەر بە ناو مردوون
هەتاکوو دنیا دنیایە زیندوون
ئەوەش دەربەستی ئەو پیاوانەیە
دیارە کردەوەی هەر پیاوانەیە
ئەوەی شوێن کەوتەی ئەو گیانانەیە
دیارە هەر لەگەڵ ئەو کاروانەیە