هەر کە بارگەی یارانەکەی بەهێمنی گەیشتە شار
زوو زانیم کە بارگە و بنەی هێمنیش دەگاتە هەوار
زوو زانیم کە «پاشەبەرە» شیعرێکی نائاسایییە
کزە و سۆزی هەناوەکەی ژیلەمۆی ماڵئاوایییە
فرمێسکی ئەو چاوە تەڕەی لەو پارچە شیعرەیا هەبوو
تۆمارێکە بۆ تەمەن و بۆ ڕەوتی ژینەکەی هەموو
ئەو بارگەیەی هەر هەناسە و ئاخ و داخ و سکاڵایە
شیوەنێکی گەرم و گوڕی کاڵاکەی لەقەد باڵایە
بەدەم سەرنجی شیعرەوە بۆ تۆی ماندوو، بۆ تۆی تینوو
چاوی خەیاڵم تۆی ئەدی و ئەیوت چاوێک بنێ و بنوو
ئاسۆ وەک جاری جارانی، بگرە زیاتر، تەماوی یە
مەڵبەند هەرلایەکی ئەگری، ڕەشپۆشێکی خەماوی یە
ئێستەش بەبۆنەی کۆچەوە کە تۆمارت ئەخوێنمەوە
یادی هەڵگر و داگری ژیانەکەت ئەژێنمەوە
ئەی بلبلە خۆش خوێنەکەی باخچەکەی کوردستانەکەم
تەریوە دڵشکاوەکەی شەیداکەی نیشتمانەکەم
گوڵی شیعر لە باخچەتا گەشی بۆن و بەرامە بوو
پاراوی خۆشەویستیت و گۆشی ئەو هەموو زامە بوو
گوڵی کام شیعرێ ناسکە لەتاریک و ڕوونا هەیە
بۆ جوانی و بۆ ئەم خاکەیە، بۆ ئازادی ئەم کوردەیە
شاعیرە پەخشان نووسەکەی زمان پیت و پاراوەکە
ئەی بە بەرهەم گوڵە باخی سەر لق بەرزە گەشاوەکە
ئەی ئاوارە و دەربەدەری دەستی خەباتی چەن ساڵە
بۆ مافی کوردی ڕەنجەڕۆ ڕێبواری ئەو ڕێگە تاڵە
بەناو هێمنی، جەربەزەی ئەو هەورازە سەخت و کووڕە
بەناو دڕک و داڵی زۆرا، ڕووبەڕووی وەیشوومەی تووڕە
تا لە نزیکی چوارچرا سەری شەکەتت نایەوە
شیعر و خەبات و ناسۆری و مەهابادت بۆ مایەوە