شاعیر: کاکەی فەلاح کتێب: دیوانی کاکەی فەلاح سەرناو: برووسکەی پرسەیەک سەبارەت: لاواندنەوەی «هێمن»ی شاعیر و هاوڕێمە هەر کە بارگەی یارانەکەی بەهێمنی گەیشتە شار زوو زانیم کە بارگە و بنەی هێمنیش دەگاتە هەوار زوو زانیم کە «پاشەبەرە» شیعرێکی نائاسایییە کزە و سۆزی هەناوەکەی ژیلەمۆی ماڵئاوایییە فرمێسکی ئەو چاوە تەڕەی لەو پارچە شیعرەیا هەبوو تۆمارێکە بۆ تەمەن و بۆ ڕەوتی ژینەکەی هەموو ئەو بارگەیەی هەر هەناسە و ئاخ و داخ و سکاڵایە شیوەنێکی گەرم و گوڕی کاڵاکەی لەقەد باڵایە بەدەم سەرنجی شیعرەوە بۆ تۆی ماندوو، بۆ تۆی تینوو چاوی خەیاڵم تۆی ئەدی و ئەیوت چاوێک بنێ و بنوو ئاسۆ وەک جاری جارانی، بگرە زیاتر، تەماوی یە مەڵبەند هەرلایەکی ئەگری، ڕەشپۆشێکی خەماوی یە ئێستەش بەبۆنەی کۆچەوە کە تۆمارت ئەخوێنمەوە یادی هەڵگر و داگری ژیانەکەت ئەژێنمەوە ئەی بلبلە خۆش خوێنەکەی باخچەکەی کوردستانەکەم تەریوە دڵشکاوەکەی شەیداکەی نیشتمانەکەم گوڵی شیعر لە باخچەتا گەشی بۆن و بەرامە بوو پاراوی خۆشەویستیت و گۆشی ئەو هەموو زامە بوو گوڵی کام شیعرێ ناسکە لەتاریک و ڕوونا هەیە بۆ جوانی و بۆ ئەم خاکەیە، بۆ ئازادی ئەم کوردەیە شاعیرە پەخشان نووسەکەی زمان پیت و پاراوەکە ئەی بە بەرهەم گوڵە باخی سەر لق بەرزە گەشاوەکە ئەی ئاوارە و دەربەدەری دەستی خەباتی چەن ساڵە بۆ مافی کوردی ڕەنجەڕۆ ڕێبواری ئەو ڕێگە تاڵە بەناو هێمنی، جەربەزەی ئەو هەورازە سەخت و کووڕە بەناو دڕک و داڵی زۆرا، ڕووبەڕووی وەیشوومەی تووڕە تا لە نزیکی چوارچرا سەری شەکەتت نایەوە شیعر و خەبات و ناسۆری و مەهابادت بۆ مایەوە ++++++++++++++++++++++