ئاڵەکۆک

کاکەی فەلاح add_a_photo
کاکەی فەلاح دیوانی کاکەی فەلاح
١٠٨. لە دارستانی کتێبخانەیەکدا
ڕۆژێ بەناو دارستانی
کتێبخانەیەکی چڕا
گەشتم ئەکرد
نامێلکەیەکی بچکۆلە
لە پاسارێ
وەک پاساری
هەڵ نیشتبوو
کە هەڵم گرت هاتە زمان
وتی: ئەوەی بەبێ درۆ
بە شوێنی ڕاستییا وێڵە
با بێت و گوێ لە من بگرێ
بزانێ من چی پێ ئەڵێم:
ڕاستی ئەوەندە گەورەیە
ئەوەندە بەرز و پیرۆزە
شتێکە ئەبێ ڕەنگ نەکرێ
شتێکە ئەبێ زل نەکرێ
شتێکە ئەبێ خەست نەکرێ
هەر وەکوو خۆی چۆنە وەها
بێ پێچ و پەنا بگوترێ
ڕاستی ساکار و سادەیە
ئەبێ وشک نەکرێتەوە و
لە دەروونا
دەنگی زوڵاڵی کپ نەکرێ
لە ڕەوتی ئەم ژیانەدا
بۆ پێشەوە
بێ ترس و لەرز
خۆ بۆ زانستی بەخت بکرێ
تا شوێنی ڕەوای خۆی بگرێ

پەراوێز edit