ئاڵەکۆک

شەریف حوسێن پەناھی add_a_photo
شەریف ملوانکەی شین
٣٤. پێشەکی مامۆستا ھێمن
یەکەم جار لە بەزمێکی شاعیرانی مەھاباددا ناسیم و شێعریم بیست و خۆشم ویست. دوایەش بۆ رەخنە لێگرتن زۆربەی شێعرەکانی بۆ خوێندمەوە. بەڵام من بەش بە حاڵی خۆم خۆشم لێ ھاتن و بۆنی شێعرم لێ کردن. خەیاڵی ناسک و ھەستی ھونەرمەندانە و مەزموونی شاعیرانەم تێدا بەدی کرد. ھەر کەسە جۆرە بۆچوونێکی لە شێعردا ھەیە. من زیاتر لە خەیاڵی ناسک و مەزموونی ورد و نوێ دەگەڕێم، تا رواڵەتی جوان و رازاوە و کێش و قافیەی سەیر و سەمەرە، یا باشتر بڵێم شێعرم لە نەزم خۆشتر دەوێ. شێعرێکم پێ باشترە کە لە دڵەوە ھەڵقوڵێ و بە دڵەوە بنووسێ.

بەشی زۆری شێعرەکانی شەریف وان. سۆز و عاتیفە و کوڵ و کۆی دەروونی خۆنی. ھەستی خوێنەر یا گوێگر دەبزوێنن و حاڵەتی شاعیر لە کاتی نووسینی شێعرەکەیدا لە پیاوی ورد دەگەیەنن. بە بڕوای من ئەگەر ئەم شاعیرە زیاتر خۆماندوو بکا و پتر ھەوڵ بدا، شاعیرێکی نەک باش، بەڵکوو گەورەشی لێ پەیدا دەبێ. ھونەر سنووری بۆ نییە، ھیچ ھونەرمەندێک نەگەیشتووەتە دوندی ھونەر و ناشگاتێ، بەڵام ھی وا ھەیە زۆر بەرەو ژوور دەچن.

وەک تێگەیشتووم شەریف دەزانێ تازە وردە ھەنگاو بەرەو مەنزڵ ھەڵدێنێتەوە بۆیە بە ھیوام زۆر بەرەو ژوور بچێ. وا ھەست دەکەم شەریف وەک من لەو بڕوایە دایە کە شێعر کۆن و نوێی نییە و باش و خراپی ھەیە. نەزم نە بە وشەی جوان و وەزنی سەنگین و قافیەی گران دبێتەوە شێعر، و شێعریش نە بە وشەی ساکار و کێشی سووک و لە کار نەھێنانی قافیە نزم دەبێتەوە بۆ نەزم. شێعر و نەزم دوو جۆرە ھونەرن کە دەبێ خوێنەری ورد، حوکمیان لە سەر بدا. بەڵام چەن خۆشە شێعر ئەوەندە باش بێ کە ھەم فۆڕمی لێک و لووس و رێک و پێک بێ و ھەم ناوەرۆکی ھەست بزوێن و دڵڕفێن.

خۆزیا شەریف ئەو ئامۆژگارییانەی ھەمیشە لە پێش چاو بێ: ھەرگیز لە شێعری خۆی رازی نەبێ و پێی وابێ کە دەتوانێ لەوەش باشتر شێعر بڵێ. تا شێعر دنەی نەدا، لە خەوی رائەپەڕێنێ و ھەستی نەبزوێنێ دەست نەداتە قەڵەم. ئەوەشی لە بیر بێ کە زمانەکەمان پێویستی بە خزمەت ھەیە و ھەوڵ بدا وشەی ڕەسەنی کوردی بەکار بێنێ و لە وشەی دەسکرد و داتاشراو خۆی بپارێزێ. تەنانەت لەکارھێنانی وشەی بێگانەی لە وشەی ناڕەسەنی کوردی پێ باشتر بێ. ھیوادارم دیوانی دووەمی ئەم شاعیرە زیاترم ڕازی بکا.

هێمن ١٣٥٨٫٠٥٫٢٢
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit