پەپوولەی خەیاڵ سەرمەست و هێمن
دەپێوێ سینگی ئاسمانی بێ بن
دەفتەری ژینم پەڕ ئەداتەوە
لاپەڕەی لاویم بیر ئەخاتەوە
ئەم هۆنراوانە، تۆم دێنێتە بیر
پێکەنینی تاڵ دەتباتەو لە بیر:
****
لە خاکی لاشەم بەیانی بەهار
گوڵاڵە سوورەیەکی ئاورین روخسار
بە جوانی گۆنات سەر دەرئەهێنێ
لە سەر مەزارم دێ خۆی بنوێنێ
ئەتۆش کە هاتووی لە بۆ گوڵچنین
جوان رادەبووری دەم بە پێکەنین
ئەو گوڵاڵە سوورە، دەچێنی لە رێت
ئاخۆ دەیزانی بۆنی کێی لێ دێت؟
ئەڵێی: چەن جوانە! چەن رەنگی گەشە
داخەکەم داخۆم بۆچ دڵی رەشە؟ !
بەڵێ ئەو ساتە بزانە گوڵم!
گوڵی بەهەشتی ئاواتی دڵم!
ئەو گوڵە خاکی دڵداری خۆتە
ئێستاش بە هیوای روخساری خۆتە
بۆیە بەو چەشنە گەش و خۆشڕەنگە
بۆیە ئەوەندە مات و دڵتەنگە
بۆیە وەستاوە دڵتەنگ لە سەر رێت
دڵی داخورپێ دیسان لە بەر پێت
گیانە لەو گوڵەی چیت دێتە بەرچاو
لەو گوڵاڵە سوورە، گوڵی دڵ سووتاو
جوانی هەڵبگرە هەر چەن خۆت گوڵی
خۆشبۆتر لە بۆن یاس و سونبوڵی
خاکی دڵدارە ئەیهێنیتەوە
زامی دڵەکەی نەکولێنیتەوە
ئەم هۆنراوانە تۆم دێنێتە بیر
پێکەنینی تاڵ دەتباتەو لە بیر
****
پەپوولەی خەیاڵ ئەڕوا لە سەرخۆ
لە شوێن بیری تر ئاسۆ بە ئاسۆ
هەتاکوو خەو دێ، بیرم ئەمرێنێ
پەپوولەی خەیاڵ هەڵدەوەرێنێ