دایە گیان بگری لە سەر خاکم کەوا شینم دەوێ
زۆر بگریە دایە گیان فرمێسکی خوێنینم دەوێ
من گوڵی سەد ئارەزووی ژینم لە خاکا خەوتووە
خاکی مەیدانی خەبات رەنگینی خوێنی من بووە
دامەنیشە دایەگیان بۆ هاتنی من چاوەڕێ
دڵنیا بە، بەسیەتی، بۆ دەنگی درگا مەگرە گوێ
دایە گیان سوێندم بە فرمێسکی گەش و ئێشی دڵت
دایە گیان سوێندم بە جەور و مەینەتی بێ حاسڵت
من دەمێکە جەرگی سووتاندووم هەناسەی سەردی گەل
دڵپڕی کردووم خەمی دەسکورتی و رەنگ زەردی گەل
من کوڕی کوردی شەهیدی رێی خەباتم دایە گیان
کۆتری خوێنین پەڕی باخی وڵاتم دایە گیان
هەر وەکوو بێگانەیێ دڵ پڕ لە ناکامی و گرێ
لەم هەموو دەستە نەبوو دەستێ، کە بێ و دەستم گرێ
من لە شاری خۆم غەریب و بۆهەموو بێگانە خۆم
کۆتری کوژراوی رێگای لانە خۆم، بێ لانە خۆم
دایە گیان بگری لە سەر خاکم کەوا شینم دەوێ
زۆر بگریە دایە گیان فرمێسکی خوێنینم دەوێ
دایە گیان ئەو کیژە وا ئەتویس بە بووکی تۆ ببێت
خۆت بدە پیشانی جارێ با بە هیوای من نەبێت
تاکوو بتبینێ کە رەشپۆشی لە سەر تا پاتەوە
بەڵکوو بڕوا دڵنیا بێ و من لە بیرەو باتەوە
دایە گیان بگری لە سەر خاکم کەوا شینم دەوێ
زۆر بگریە دایە گیان فرمێسکی خوێنینم دەوێ