شەوگاری بەهار دەرچوو لە نیوە
تاریکی ئەڕوات بەرەو کازیوە
ئاوایی تاریک، ورشەی چرایێ
لە نێو پەنجەرەی هیچ ماڵێ نایێ
دێ دەرکی لە رووی رۆژ داخستووە
لە بەرگی شەودا جوان جوان نوستووە
منداڵێ ساوا دەگریێ جار جار
ئەشکێنێ دەریای بێدەنگی شەوگار
دایکێ سەر لە بان لانکی کۆرپەوە
سەردەمێکە خەو بردوویەتەوە
ئەو ساتە کوڵی شەو دەتوێتەوە
سەر گۆنای ئاسۆ سوور ئەبێتەوە
کەڵەشێرێ دێ و لەو سەربانانە
مزگێنی ئەدا هەستن بەیانە
شنەی بەر بەیان یەک لە شوێن یەکا
ماڵانی نوستوو باوەشێن ئەکا
هەتاو لای ئەبا دیسان بە سپایی
پەردەی شەو لەسەر بووکی ئاوایی
ماڵان بەردەچن، ئاوایی ساکار
گرتوویە باوەش باپیری کۆسار
ماویانە خەڵکی ماندوویی دوێنێ
گزنگی هەتاو هەڵیاندەستێنێ
ژنێ گورج و گۆڵ ئەڕوا بۆ کانی
بە نەزمی جوانی لەرزانەکانی
ژنێ لە کانی ماندوو دێتەوە
سەری ناوەتە سینگی گۆزەوە
دووکەڵ لە سەربان ئەڕوا بەرەو ژوور
سوور ئەبێتەوە سەر گۆنای تەنوور
تەندووری ماڵان نانی گەرم و جوان
دەکا بە تۆشووی باخەوان و شوان
مریشکی سپی، جووجەڵە لە شوێن
بە جێ دەهێڵێ تاریکی کولێن
پێش ئەوەی کە خۆر بدا لە ناو دێ
رانی ئاوایی دەکەوێتە رێ
نیوەی ناوەدڵ لە دێ دەرئەچێ
بەرخ و کارژیلەی هێشتووەتە جێ
****
مراوی لە سەر چیمەنی جۆبار
دەشکێنێ شەقڵی شەونمی بەهار
ئاسمانی شین و کۆچی هەورەکان
پڕشنگی خۆر و دەشتی سەوز و جوان
هاتوچۆی ئاسکی بزێوی سەرکۆ
شنەی شەماڵ و لەرەی لەق و پۆ
جریوەی بولبول، خوڕەی جۆباران
شمشاڵی شوان و بەستەی دڵداران
موسیقای جوانی ژینی دێهاتن
دیمەنی رەنگین، خاکی وڵاتن
****
ژینی رۆژێکی ئەو دێیە لە لای من
ئەژی بە شاری دووکەڵ و ئاسن