حەمد و سەنای زۆر لە بۆ ئەو خوایە
مەوجودە دائیم لە هەموو لایە
خاڵقی ئاسمان، حەوت بە حەواوە
بە بێ کۆڵەکە و دیوار وەستاوە
سفرەی ڕەحمەتی داخست لە زەمین
لە بۆ مەجوسی و گەبرو موسلمین
لە سفرەی ئەوە بە عەدل و کەرەم
ڕۆژانە ئەخۆن عالەم زۆر و کەم
فەرق ناکا دۆستی لەگەڵ دوژمندا
هەر کەس بە پێ ڕزقی پێ ئەدا
مولحید کفر کاو ڕێی عیسیان بگرێ
لە ڕزق و دۆزی فلسێ نابڕێ
دۆست و دوژمنی هەر بە یەک دەستوور
ڕزقیان ئەداتێ، بەڵام خوار و ژور
قسمێ بە ڕەنج وهەوڵ و تەقەلا
هەندێکیش ئەیدات لە لای «لابەلا»
قسمێ بە زۆری قۆڵ و هەوڵی شان
قسمێ تر ئەیخوا نانی ناوچەوان
بە قسمێ ئەدا نگین و ئیقبال
ئەبێ بە قاروون بە سەروەت و ماڵ
قسمێ تا نانی ڕۆژی ئەسێنێ
ڕیخۆڵەو دڵی بە ڕەنج ئەپسێنێ
تەقسیمی ئەزەل چۆن بۆی داناوە
هەر ئەوەی هەیە هەتاکوو ماوە
بە بەعزێ ئەدات نانی موشەقەت
بەعزێ ئیستراحەت، سەیران و سیحەت
مەزڵووم پێی ناوێ خۆت موبتەلا کەی
بۆ دونیا خۆت تووشی بەڵا کەی