ئاڵەکۆک

مەزڵووم add_a_photo
مەزڵووم دیوانی مەزڵووم
٢٦. حەمد و سەنای زۆر بۆ خودای بێباک
حەمد و سەنای زۆر بۆ خودای بێباک
لاشەریکە ئەو فەرد و تەنها و تاک
خاڵقی وەحشی مەل و موور و مار
ڕازقی ڕزقی زیرۆح و گیاندار
دروستکەرەی سەما و سەر زەمین
دۆزەخ و ئەعراف، فیردەوسی بەرین
ئاگاهدار لە حاڵ، حاڵی بێ حاڵان
هەم بێداری شەو، ناڵەی زامداران
ئادم و حەوات دروست کرد لە خاک
بە سورەتی جوان بە ئەخلاقی پاک
بە لوتف و کەرەم بە ڕووی موحیبەت
ئەمرت پێکردن تا بچنە بەهەشت
فەرمووت لە گەندم مەخۆن وریابن
نزیکی مەبن لێی تەوەللابن
شەیتانی لەعین تەفرەتان نەدات
بە سیحر و جادوو ئیغفالتان نەکات
تەقدیری خۆت بوو شەیتانی بەدبەخت
خۆی کرد بە عابد چووە ناو بەهەشت
بە مەکر و حیلە ئیغفالی کردن
کە گەندمیان خوارد بێحاڵی کردن
چەندە مانەوە بە عسیانەوە
تۆبەیان ئەکرد ئەپاڕانەوە
بە لوتف و کەرەم تۆ عەفووت کردن
دیسان ڕەوانەی سەر زەویت کردن
لە نەسلی ئەوان چەند سەد هەزار کەس
کردت بە نەبی، نامەت دانە دەس
بۆ سەر تەوائیف یەک بە یەکت نارد
بۆ تەبلیغی دین حوکمت پێسپارد
تۆ لێی خۆش ئەبی ئەیخەیتە جینان
سیرەتی بابە بۆ فەرزەند جێمان
بۆ خۆت فەرمووتە تۆبەم قبوڵە
تۆبەی حەقیقی لە لام مەقبولە
من گەلێ عاسی و خەجاڵەتبارم
ڕوو زەرد و مەحجووب هەم شەرمەزارم
سیوای زاتی تۆ هیچ کەس ناناسم
ڕاجعی خۆتم خراپ یان خاسم
خودایە تۆبەم لات ببێ قبوڵ
چونکە موزنیبم مەزڵووم و مەلول
شوکرانە بۆ خوا

پەراوێز edit