ئاڵەکۆک

مەزڵووم add_a_photo
مەزڵووم دیوانی مەزڵووم
٢٣. تەیرێکی عاقڵ زیرەکی هوشیار
تەیرێکی عاقڵ زیرەکی هوشیار
خانووی کردبوو لەسەر یەک چنار
بە عەیش و شادی بە خۆشی ژیان
لەسەر ئەو دارە کردی ئاشیان
ڕۆژێ لە ڕۆژان ڕێوی حیلەکار
ڕێڕەو بوو ڕێگەی کەوتە بنی دار
ساتێ ڕاوەستا لوتی هەڵبڕی
لەسەر دارەکە تەیرەکە فڕی
بانگی کرد ئەی تەیر لەو دارە بەرزە
بێرە خوارەوە بۆ سەر ئەم عەرزە
ئەگەر بە قسم قەناعەت نەکەیت
هەر بە دەستی خۆت، خۆت ڕیسوا ئەکەیت
بە کلکی تیژو ئەستووری زۆردار
دار لەت لەت ئەکەم هەر وەکوو مشار
کاتێ کە دارم کرد پارە پارە
مەردو نامەردی ئەو وەختە دیارە
بێ سزاو زەرەر هەر بە دەستی خۆم
کەوڵت ئەکەم و بە ژەمێک ئەتخۆم
***
هەڵۆ خڕو جوان لێی هاتە گوفتار
وتی: مام ڕێوی جادووی حیلەکار
سیحری تۆ مەعلوم لای من بەتاڵە
عەقڵت عەبەسە فیکرت مەحاڵە
بڕۆ لە ڕێی خۆت خوا ڕزقت بدات
من نێچیرت نیم مەعلوم بێ لە لات
هەڵۆ زۆر ڕەجاو تەشەبووسی کرد
لە لای مام ڕێوی تەئسیری نەکرد
بە قەهرو غەزەب لەسەر دار فڕی
سواری ڕێوی بوو تا ورگی دڕی
ڕێوی کرد پارە وەک شێری جەنگی
جەرگی دەرهێنا بە زۆری چنگی
***
ڕێوی بۆ تەماع وازی نەهێنا
نە هیچی دەستکەوت، سەریشی دانا
ئاخ لە بۆ کەسێ نەچێ بە قارا
لەگەڵ دوژمنا بکا مودارا
تاکو فرسەتێ دەسکەوێ ڕۆژێ
یەخەی پێبگرێ و خوێنی بڕێژێ
هەڵۆ و ڕێوی

پەراوێز edit