بوتی باڵانەمام سەروی بەهەشتی تەلعەتە، جافە
لەبی کەوسەر قەدی تووبا ڕوخی وەک جەننەتە، جافە
عەشیرەی نازی تیپارایە بۆ شۆڕ و شەڕ و غەوغا
لە ناوچەی گیان و دڵدا وا خەریکی غارەتە، جافە
ئەڵێن ئەو ئافەتی دین و دڵ و دانایی و عەقڵە
کەوا خاوەنشکۆ و بێباک و ساحیب شەوکەتە، جافە
بە شمشێری برۆ و دشنەی بژانگی جەرگی پەی کردم
دیارە ئەی ڕەفێقان دوور لە ڕەحم و شەفقەتە، جافە
وەکوو شەعرای یەمانی کاتی عیشوە سەرد و بێباکە
ئەڵێی پاییزە نازی پڕ لە لەرز و سەخڵەتە، جافە
نیگاهی دڵ دەبا و نەشئەی کەلامی ڕاحەتی گیانە
پەیامی میحنەتەنگێزە، وەڵامی ڕەحمەتە، جافە
تەریدەی ڕێی دڵە جەردەی قوماشی شادی و شەوقە
چەپاوی خێڵی گیان بۆ ئەو هەمیشە عادەتە، جافە
ڕەئیسی ماهڕوویان ئامیر و سەرعێلی خووبانە
ئەمیری موڵکی عیزز و ناز و سام و سەتوەتە، جافە
لە باسی حوسنی ئەو مەهڕوویە تاهیر گێج و حەیرانە
بەڵێ شایانی سەد نەعت و سپاس و مەدحەتە، جافە