شاعیر: سەید تاهیر کتێب: ھەوارگەی دڵان سەرناو: بوتی باڵانەمام سەروی بەهەشتی تەلعەتە جافە بوتی باڵانەمام سەروی بەهەشتی تەلعەتە، جافە لەبی کەوسەر قەدی تووبا ڕوخی وەک جەننەتە، جافە عەشیرەی نازی تیپارایە بۆ شۆڕ و شەڕ و غەوغا لە ناوچەی گیان و دڵدا وا خەریکی غارەتە، جافە ئەڵێن ئەو ئافەتی دین و دڵ و دانایی و عەقڵە کەوا خاوەنشکۆ و بێباک و ساحیب شەوکەتە، جافە بە شمشێری برۆ و دشنەی بژانگی جەرگی پەی کردم دیارە ئەی ڕەفێقان دوور لە ڕەحم و شەفقەتە، جافە وەکوو شەعرای یەمانی کاتی عیشوە سەرد و بێباکە ئەڵێی پاییزە نازی پڕ لە لەرز و سەخڵەتە، جافە نیگاهی دڵ دەبا و نەشئەی کەلامی ڕاحەتی گیانە پەیامی میحنەتەنگێزە، وەڵامی ڕەحمەتە، جافە تەریدەی ڕێی دڵە جەردەی قوماشی شادی و شەوقە چەپاوی خێڵی گیان بۆ ئەو هەمیشە عادەتە، جافە ڕەئیسی ماهڕوویان ئامیر و سەرعێلی خووبانە ئەمیری موڵکی عیزز و ناز و سام و سەتوەتە، جافە لە باسی حوسنی ئەو مەهڕوویە تاهیر گێج و حەیرانە بەڵێ شایانی سەد نەعت و سپاس و مەدحەتە، جافە ++++++++++++++++++++++