مەهی من، ڕۆشن و ڕەخشانە هێشتا
زەواڵی زوڵمەتی حیرمانە هێشتا
دەوای حاڵی دەروونی نامورادە
شەفای دەردی غەمی هیجرانە هێشتا
مەڵێن گیراوە ڕووی وەک بەدری کامیل
لەژێر هەوری غەما تابانە هێشتا
بەگیانی ئەو کە گیانم پڕ عەزابە
بەڵام گیان و دڵ و جانانە هێشتا
ئەگەر چی بێ سوبات و کەم وەفا بوو
لە عیشقی وا دڵم حەیرانە هێشتا
بە میوانی دوو لەعلی جانفەزای بم
لەنێو دڵیا غەمم میوانە هێشتا
بەڵام داخی لە دڵما خانەخوێیە
چرای لەو داخەیە، ئەویانە هێشتا
بە ئینجازی ویساڵی ڕۆح و گیانم
دەخیلی غەوسەکەی گەیلانە هێشتا
کە پاشی هەشتسەد و بیست و چوارساڵ
بە دڵدا یادی نوورئەفشانە هێشتا
ئەگەرچی دیجلەیە فرمێسکی چاوم
بە لوتفی ئەو لەبم خەندانە هێشتا
ئەگەرچی شەرمەسار و پڕ گوناهم
شەفیعم حەزرەتی سوڵتانە هێشتا
وەکوو تاهیر ئەنیسی فەزڵی فەیزم
لە تۆزی خاکی ئەو ئاسانە هێشتا